پێشنیاری کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت
”دڵشاد شەعبان“، جێگری سەرۆکی لێژنەی سامانە سرووشتییەکان و ئەندامی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووە، ئێستا داھاتی نەوتی ھەرێمی کوردستان 450 تا 500 ملیۆن دۆلارە کە 60%ی بودجەی ھەرێمی کوردستانە. دەڵێت: ”ئەگەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بیەوێت مووچەی فەرمانبەران لە کاتی خۆیدا بدات، وا باشترە 70%ی مووچەکەیان بدات و 30%یەکەی دیکەی لە سەر حکوومەت ببێت بە قەرز“.
ئەو ئەندامەی لێژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان ڕوونیشی دەکاتەوە، تا ئەو کاتەی نرخی هەر بەرمیلێک نەوت بۆ 70 دۆلار بەرز دەبێتەوە، هەرێمی کوردستان ناتوانێت بودجەکەی دابین بکات. بە پێویستیشی دەزانێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەلە لە چاکسازییەکانی بکات و خەرجی “نازەروور” نەهێڵێت و خەرجییەکانی دیکەشی کەم بکاتەوە، تاوەکو بتوانێت مووچەی فەرمانبەران دابین بکات. دووپاتیشیکردەوە: “بەپێی ئەو پارەی لە بەردەستی حکوومەت دایە، ھەموو مانگێک 70%ی مووچەی فەرمانبەران بدرێت، لەوە باشترە مووچە دوا بکەوێت، ئەوەی دەشمێنێتەوە ببێتە قەرز لە سەری و کەینێ هاتەوە سەر بار، ئەویش بداتەوە”.
بەهۆی بڕینی پشکی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ و دابەزینی نرخی نەوت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان تووشی قەیرانێکی دارایی سەخت بووە و مووچەی چەند مانگێکی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش لای حکوومەت ماوەتەوە.
باسنيوز
