وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستی لەكاركێشایەوە
كەمێك پێش ئێستا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانی وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستی لەكاركێشایەوە.
ئەمڕۆ یەكشەممە 3-1-2016 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانی، كە لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكگرتوون ئيسلامى كوردستان لە هەولێر بەڕێوەچوو، د.سەڵاحەدین بابەكر، وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە پۆستەكەی راگەیاند.
د. محەممەد ئەحمەد، یاریدەدەری ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رایگەیاند، ئەوان بە مەرج وەزارەتەكەیان وەرگرتووە و ئێستاش بەهۆی جێبەجێ نەكردنی بەڵێنەكان، ئەو وەزارەتە رادەست دەكەنەوە.
سەڵاحەدین بابەكر، وەزیری كارەبا رایگەیاند، ئەو سوێندی خواردبوو كارنامەی حكومەت جێبەجێ بكات، بەڵام بەهۆی دابیننەكردنی سووتەمەنی، نەیانتوانیوە بەو شێوەیە خزمەت بكەن، كە خۆیان دەیانویست.
پێشتر رووداو ئاشكرایكرد، لە مانگی رابردوو شاندێكی باڵای یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەتەوە، لە بەرامبەر رادەستكردنەوە وەزارەتی كارەبا وەرگرتنی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و چەند پۆستێكی دیكە.
لە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان یەكگرتوو بە وەزارەتەكانی كارەبا، كاروباری كۆمەڵایەتی، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان، دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان و وەزیرێكی دیكەی هەرێم بەشدارە.
بەرپرسانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ئاماژە بەوە دەكەن لەكاتی دانوستاندنەكانی پێكهێنانی حكومەت، وەرگرتنی وەزارەتی كارەبایان رەتكردووەتەوە، بەڵام لەكۆتاییدا رازی بوون، "بەمەرجێك وەزارەتی سامانە سروشتییەكان سووتەمەنی پێویست بۆ وەزارەتەكە دابینبكات، ئەگەرنا دەستلەكاردەكێشنەوە.
پرۆفایلی سەڵاحەددین بابەكر
سەڵاحەددین بابەكر محەممەد سلێمان پشدەری.
لە 28-7-1965 لە قەڵادزێ لەدایكبووە.
لە بۆردوومانكردنی شاری قەڵادزێ لە 24/4/1974 خووشك و برایەكی شەهیدبوون و پاشان ئاوارەی ئێران بووە.
بەهۆی نەچوونی بۆ بە ناو (جەیشی شەعبی)ی رژێمی بەعس لە ساڵی 1986، لە قۆناغی دووەمی زانكۆ فەسڵ كراوە. پاش وەستانی شەڕی (عێراق- ئێران) و دەرچوونی لێبوردنی گشتی بۆ قوتابیە فەسڵكراوەكان لە 1988 گەڕاوەتەوە زانكۆ و خوێندنی زانكۆی تەواوكردوە.
لە ساڵی 1989 لەلایەن دەزگا ئەمنیەكانی بەعس لەگەڵ كۆمەڵێك قوتابی تر لە بەغدا گیراوە و پاش لێكۆلینەوەیەكی ورد ئازاد كراوە.
سەڵاحەددین بابەكر، یەكەم سكرتێری یەكگرتووی قوتابیانی ئەو حیزبە بووە، لە دوای لە دوای دامەزراندنی یەكگرتووە ئەندامی سەركردایەتی و پاشان مەكتەبی سیاسی بووە.
ماوەیەك گوتەبێژی فەرمی یەكگرتوو، یاریدەدەری ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بووە، لە دواین كۆنگرەی حیزبەكەشی دووەم دەنگی لە هەڵبژاردنی سەركردایەتی بەدەستهێناوە.
خاوەنی بڕوانامەی بەكالۆریۆسە لە ئەندازیاری كیمیاوی (بەشی پتروكیمیاویات) لە زانكۆی تەكنەلۆژیا لە بەغدا.
بڕوانامەی ماستەری لە كارگێری پیشەسازی (كارگێری ئەندازیاری) بە پلەی (زۆر باشەی بەرز) لە زانكۆی (St Clements)ی بەریتانی لە ساڵی(2007) بە دەستهێناوە.
دكتۆرا لە كارگێری پیشەسازی (كارگێری ئەندازیاری) بە پلەی (زۆر باشەی بەرز) لە زانكۆی (St Clements)ی بەریتانی لە ساڵی(2010).
رووداو
