عوسمان ئۆجەلان: دەبێت سەرانی قەندیل بزانن کە نوێنەری کورد سەرۆک بارزانییە

 عوسمان ئۆجەلان: دەبێت سەرانی قەندیل بزانن کە نوێنەری کورد سەرۆک بارزانییە
(عوسمان ئۆجەلان) رایگەیاند، دەبێت قەندیل و سەرکردەکانی پەکەکە بزانن، کە نوێنەری کورد (سەرۆک بارزانی)ـیە، چونکە بوونی (بارزانی) بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان گرینگە.

(عوسمان ئۆجەلان) سیاسەتمەداری کورد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: (سەرۆک بارزانی) بەردەوام هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانی کورد لەگەڵ وڵاتانی دیکە خۆش بکات، هەر بۆیە ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کورد ژمارەیەکی گرینگە و لە ناوەندەکانی بڕیاردان پرس بە (سەرۆک بارزانی) دەکرێت، هەر ئەوەیش وای کرد کە وڵاتێکی وەک تورکیا ددان بە هەبوونی کورددا بنێت و ئاڵای کوردستان لە تەک ئاڵای خۆی دابنێت، ئەوەیش مانای ئەوەیە کە تورکیا پشتگیری لە دەوڵەتی کورد دەکات و دەیەوێت ئەو وڵاتە ببێتە دراوسێیەکی باش.

گوتیشی: (سەرۆک بارزانی) تەمسیلی نەتەوەی کورد دەکات، هه‌ڵبه‌ته‌ زۆرجار (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) گوتوویەتی، پرۆسەی ئاشتی و سەرکەوتنی نەتەوەی کورد بەبێ (بارزانی) نابێ، ئەمە راستییەکە و ناکرێ باسی نەکەین، هەر بۆیە سەرانی قەندیل گوێرایەڵیی کەس ناکەن و، ئەوەی دوژمنی کوردە ئەوان لەگەڵیدان، كه‌ دواجار مه‌به‌ست له‌م هه‌وڵه‌یشیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گەلی کورد بە ئامانجەکانی خۆی نەگات. لە هەمان کاتیشدا دەبێت جارێکی دیکە قەندیل و سەرکردەکانی پەکەکە بزانن کە نوێنەری کورد (سەرۆک بارزانی)ـیە، چونکە بوونی (بارزانی) بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان گرینگە".
Top