پارێزگای ھەولێر: بەنزینخانە ئەھلییەکان سەرپشکن بە چ نرخێک بەنزین بە ھاووڵاتیان دەفرۆشن

 پارێزگای ھەولێر: بەنزینخانە ئەھلییەکان سەرپشکن بە چ نرخێک بەنزین بە ھاووڵاتیان دەفرۆشن
بەرێوبەری راگەیاندنی پارێزگای ھەولێر دەڵێت، خاوەن بەنزینخانە ئەھلییەکان ئازادن چۆن و بە چ نرخێک بەنزین دەفرۆشن، لەبەر ئەوەی بازاڕ ئازادە و ئەوەی لای ئێمەش گرینگە.

بەرێوبەری راگەیاندنی پارێزگای ھەولێر (ھەمزە حامد) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، ھەر بەنزیخانەیەکی ئەھلی دەتوانێ بە ئارەزووی خۆی نرخەکەی دیاری بکات و بازاڕ ئازادە و کێبرکێی لەسەر دەکرێت، ئێمەش لاریمان نییە لەوەی نرخەکەی چەندە و ئەوەی گرینگە کوالیتیی بەنزینە، چونکە لیژنەیەک لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ھەیە و رۆژانە بەدواداچوون بۆ بەنزینخانەکان دەکات و پێویستە کوالیتیی بەنزینەکەیان بەرز بێت و، ھەرکەموکوڕیەکی ھەبێت، لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.

(ھەمزە حامد) گوتیشی، ئەو بەنزینەی ئێستا نرخەکەی دابەزیوە، ئەوەیە کە لە پارێزگاکانی عێراق و پاڵاوتە ناوخۆییەکان دێت، بۆیە نرخەکەی هەرزانترە لەوانەی دیکە.

گوتیشی، ئێمە رێگری لە ھیچ بەنزینخانەیەک ناکەین ھەرچۆنێک نرخی بەنزین بۆ خۆی دیاری دەکرێت، چونکە ئێستا ھەر یەکە و بە جۆرێک دەیفرۆشێت و رەنگە ئێستا بەنزینخانە ھەبێت نرخی یەک لیتر بە ھەزار یان زیاتر بفرۆشێت، کە گوایه‌ بەنزینەکەی باشە و کوالیتەکەی بەرزە و لە دەرەوە ھێناویانە.

(حامد) ڕوونیشی کردەوە، رەنگە نرخی بەنزینی ئەھلی لە سنووری سلێمانی هەرزانتر بێت، لەبەر ئەوەی لەئێستادا رێگای تورکیا داخراوە و، بەنزینی بازرگانی لە ئێران دێت و سلێمانیش لەوێ نزیکترە.
Top