نەوزاد هادی: گۆڕان بچێتەوە ناو یەکێتی کێشەکان چارەسەر دەبن

 نەوزاد هادی: گۆڕان بچێتەوە ناو یەکێتی کێشەکان چارەسەر دەبن
پاریزگاری هەولێر چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە چوونەوەی گۆڕان بۆ ناو یەکێتی دەزانێت و دەشڵێت:"گەورەترین ژمارەی دامەزراندن لە هەولێر و سلێمانی بووە، لە ئەنجامی ئەو ململانێ حیزبایەتییەی لە ساڵانی رابردوو کراوە".

نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی رادیۆ و تەلەڤیزیۆنی رووداو، لەبارەی پلانی پارێزگاكانی باشووری كوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەكان رایگەیاند "قەیرانی دارایی زۆر قورسترە لەوەی بمانەوێت بەڵێنی ئەوە بدەین کار دەکەین و پرۆژەکان جێبەجێ دەکەین، ئەمە ناکرێت، چونکە ئەو بودجەیەی حکومەت وەکو پارێزگاکان کارمان پێدەکرد، پارەی پەرەپێدانی پارێزگا بووەو بودجەی وەبەرهێنان بووە، لەگەڵ پارەی نەوت، کە ئەمانە هیچی نەما ناتوانی پرۆژە پێشکەش بکەیت".

سەبارەت بەوەی پارێزگاکان بە داهاتی خۆیان، خۆیان بەڕێوەببەن، وەکو لامەرکەزیەتێک بۆ پارێزگاکان، ئایا هەولێر ناتوانێت ئەمە بکات، لە وەڵامدا نەوزاد هادی دەڵێت "نەخێر ناتوانێت، سەبارەت بە دهۆک ئەمە راستە، هۆکارەکەشی ئەوەی ئیبراهیم خەلیل گەورەترین داهاتی هەیە وەک دەروازەیەکی سنووری، ئیبراهیم خەلیل دەروازەی کوردستان نییە بە تەنیا، بەڵکو دەروازەی هەموو عێراقە بەرامبەر تورکیاو ئەوروپاش، گەورەترین ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە مەرزەکان لە ئیبراهیم خەلیل بووە، ئەمەش وادەکات داهاتی لە هەموو مەرزەکان زیاتر دەبیت، بەڵام داهاتەکەی بۆ دهۆک ناچێت، دێتە داهاتی دارایی و دەدرێتە مووچە".

پارێزگاری هەولێر باس لە دامەزراندنی مووچەخۆر لە هەولێر و سلێمانی لەسەر ململانێی حیزبی دەکات و دەڵێت: "ئەوەی کە ئێمە پێی ئاگادارین، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت سەرۆکی ئەو لیژنەیەیە کە پێداچوونەوە بە میلاک و بەرنامەی چاکسازی دەکات، نزیکەی ملیۆن و نیوێک مووچەخۆر لە کوردستان هەیە، رێژەکەشی لەنێوان هەولێر و سلێمانی لێک نزیکە، چونکە گەورەترین ژمارەی دامەزراندن لە هەولێر و سلێمانی بووە، لە ئەنجامی ئەو ململانێ حیزبایەتییەی لە ساڵانی رابردوو کراوە، بەڵام دهۆک وەکو پێویست دامەزراندنی نەبووە".

نەوزاد هادی جەختدەکاتەوە لەوەی کە:"ئەگەر داهاتی پارێزگاکان مەرکەزی نەبن لەگەڵ پارەی نەوت، مووچەی پێ دابین ناکرێت، بۆیە ئەولەویەتی حکومەت دابینکردنی مووچەیە، دواتر سولفەی کارپێکردن، ئینجا پرۆژەکانی دیکە دێن".

سەبارەت بە دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و چارەسەری ئەو دۆخە پارێزگاری هەولێر پێیوایە، گۆڕان بچێتەوە ناو یەکێتی کێشەکان چارەسەر دەبن، ئەو دەڵێت "بەڕای من کە ئەوە حەقیقەتێکە بزووتنەوەی گۆڕان لە یەکێتی جیابووەوە، دۆخێکی نوێی سیاسی لە کوردستان خوڵقاند، دەرهاویشتەکانیشمان بینی، ئەوجا خەتای پارتی بوو، خەتای یەکێتی بوو، خەتای گۆڕان بوو، خەتای بارودۆخەکەبوو، چارەسەرەکە ئەوەیە گۆڕان بچێتەوە ناو یەکێتی کێشەکان لە کوردستان چارەسەر دەبێت و دۆخەکە دەچێتە قوناخێکی دیکە".

نەوزاد هادی پێیوایە "دابەشکردنی پۆستەکان لە سلێمانی لەنێوان یەکێتی و گۆڕان بەرای من هەردووکی هەر یەکە سەرەنجام هەر یەکێتییە، هەموویان بچنەوە ناو یەکێتی کێشەکان چارەسەر دەبن".




روداو -
Top