"هێزی پێشمهرگه ئاگاداری گشت جموجۆڵێكی داعشە"
پێشمەرگە (حەمید ئەفەندی) بەرپرسی میحوەری باشیك بە مالپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "كە باران و تەمومژ دەبێت ـ وەکو ئەمڕۆ ـ هێزی پێشمەرگە زیاتر لە هەموو كاتێك لەسەر هەستین و چاودێریی هەموو جووڵە و هەڵسوكەوتێكی تیرۆریستان دەكەین. ئێستا لەوپەڕی ئامادەباشیداین."
)ئەفەندی) ئاماژەیشی دا: "داعشان لەوەتی لە ڕومادییشدا شكستی خواردووە، بە گشتی لە سەرجەم میحووەرەکانی تریشدا ورە و توانایان كەمی کردووە و، ئەو شکستە تەواو كاری تێ كردوونە. بەڵام بە هەموو شێوەیەك هەوڵ دەدەن لێیان دیاری نەدات."
بەرپرسی میحوەری باشیك پێوەست بە ڕەوشی تیرۆریستان لە میحوەرەكەیاندا جەختی كردەوە: "داعشان زیاتر لە جاران جموجۆڵ دەكەن، تەنها بۆ ئەوەی وای پێشان دەن كە ماون. لەم چەند ڕۆژەشدا كۆمەڵێك خۆكوژیان هێرشیان هێنا، بەڵام نەیانتوانی زیان بە پێشمەرگە بگەیێنن و، گشتیان کوژران و کەسیان لێ نەگەڕایەوە؛ وا تەرمەکەیان لەو دۆڵ و كێوەدا كەوتووە."
