حکوومەت ھیچ وەزارەتێک نافرۆشێتە کەرتی تایبەت

 حکوومەت ھیچ وەزارەتێک نافرۆشێتە کەرتی تایبەت
دەنگۆیان داخستبوو گوایە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەنیازە چەند وەزارەتێک بفرۆشیتە کەرتی تایبەت؛ ئەندامێکی فراکسیۆنی زەرد دەڵێ، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کاری وا ناکات و ھیچ پێشنیارێکی وایش لە حکوومەت نەکراوە، ئەوە نەبێ رەنگە ھەندێک کار بداتە کەرتی تایبەت.

(د. فرسەت سۆفی) ئەندامی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان، کە خۆی و پەرلەمانتارێکی دی پرۆژەیەکی چاکسازییان پێشکەش کردووە بە حکوومەت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پرۆژە چاکسازییەکەی حکوومەت، ھیچ بڕگەیەکی وای تێدا نییە گوایە چەند وەزارەتێک بفرۆشرێتە کەرتی تایبه‌ت، چونکە کاری لەو جۆرە ناکرێت، بەڵام ڕەنگە ھەندێک لە کارەکان بدرێتە کەرتی تایبەت، لەوانە کۆکردنەوەی پارەی کارەبا."

(د. فرسەت سۆفی) گوتیشی، ئەوەی دەگوترێ قسەی ھەندێک وەبەرھێنەر بووە، ئەگەرنا حکوومەت کارێکی لەو شێوەیە ناکات.
سەبارەت بە بڕینی دەرماڵە '١٥٠ھەزاردیناری'ـیەکەی ماموستایانیش گوتی: "تەنیا دەرماڵەی پلەبەرزەکان کەم دەکرێتەوە و، ھیچ باسێک نەبووە بۆ کەمکردنەوەی دەرماڵەی مامۆستایان و، ئەمەیش هەر پڕوپاگەندەیەکە و دەیکەن." جەختیشی کردەوە، حکوومەت واز لە کاری چاکسازی ناهێنێت.
Top