یاوەر: تەنها بەشێکی کەمی خاکی ھەرێمی کوردستان لە ژێر دەستی داعشدایە
فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بە ئەنادۆڵی راگەیاندووە، کە بۆ بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی شاری موسڵ، ”دەبێت دانیشتنێک ھەبێت لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، حکوومەتی عێراق و ھێزەکانی ھاوپەیمانان“ و ھێشتا ئەم دانیشتنەش نەکراوە.
فەریق جەبار یاوەر ئاماژەی بەوەشکردووە، کە رۆژی سێشەممە 30ـی کانوونی یەکەمی 2015، بە سەرپەرشتیی کەریم شنگالی، وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت، ”لەگەڵ ھێزەکانی ھاوپەیمانان کۆبووینەوە“ و تێیدا وەک کۆبوونەوە دەورییەکانی پێشتر، مەشقکردن بە پێشمەرگە و پێویستییەکانی تاوتوێکراوە.
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە هەروەها ئاشکرای کردووە، کە زۆرینەی ناوچە کوردستانییەکان رزگارکراونەتەوە و ئێستا ٪3ـی خاکی ھەرێمی کوردستان لە ژێر دەستی داعشدا ماوەتەوە.
دوای هەرەس و شکستی سوپای عێراقی لە پارێزگای نەینەوا و داگیرکردنی ناوچەکانی ئەو پارێزگایە و بەشێکی ناوچەکانی پارێزگای کەرکووک لەلایەن داعشەوە لە مانگی حوزەیرانی 2014، بەشێکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش داگیرکران، بەڵام هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان ئەو ناوچانەیان رزگاکردەوە و دوایین ناوچەش کە رزگارکرایەوە، شارۆچکەی شنگال بوو.
باسنیوز
