شەپۆلێکی بەفر و باران رۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێتەوە

 شەپۆلێکی بەفر و باران رۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێتەوە

بەرپرسانی کەشناسی پێشبینی دەکەن لە ئێوارەی رۆژی سێشەممە 29-12-2015 وە شەپۆلێکی سەرما و بەفر و باران رۆژهەڵاتی کوردستان بگرێتەوە.

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی پارێزگای ورمێ، لە کۆتاییەکانی رۆژی سێشەممەوە، شەپۆلێکی بەفر و باران و سەرما روو لەو پارێزگایە دەکات، بەتایبەت ناوچەکانی باشوور و ناوەندی پارێزگای ورمێ.

بەرپرسانی کەشناسی هۆشداریی بە شۆفێرەکان دەدەن کە لەکاتی سەفەردا رەچاوی رێوشوێنەکانی خۆپارێزی بکەن.

کەشناسی پارێزگای سنەش رایگەیاندووە، لە بەیانی رۆژی چوارشەممەوە بەفر و بۆران ئەو پارێزگایە دەگرێتەوە و تاوەكو هەینی و شەممەی هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

کەشناسی پارێزگای ئیلامیش پێشبینی کردووە، لە بەیانی رۆژی چوارشەممەوە لە ناوچە شاخاوییەکان بارینی بەفر دەست پێ بکات و لە ناوچەکانی دیکەش هاوکات لەگەڵ باران و هەورە بروسکە، با دەبێت. ئەم رەوشە تاوەكو رۆژی شەممە بەردەوام دەبێت.

بەفر و باران لە ئێوارەی رۆژی سێشەممەوە لە پارێزگای کرماشان دەست پێدەکات و بەپێی پێشبینی کەشناسی، تاوەكو کۆتایی رۆژی شەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

بارینی بەفر لە زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای کرماشان هاتووچۆ ئاستەنگ دەکات و پلەکانی گەرما تاوەكو 8 پلەی ژێر سفر دادەبەزێت.
















رووداو

Top