هەزار و 200 قوتابی دیکەی ئێزدی، له‌ زانكۆ و په‌یمانگاكانی هه‌رێم درێژه‌ به‌ خوێندن ده‌ده‌ن

 هەزار و 200 قوتابی دیکەی ئێزدی، له‌ زانكۆ و په‌یمانگاكانی هه‌رێم درێژه‌ به‌ خوێندن ده‌ده‌ن
نوێنەری کوردانی ئێزدی رایگەیاند، بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، قوتابیانی كوردی ئێزدی لە مووسڵ گوزرانەوە بۆ زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی درێژە بە خوێندن بدەن، لە چەند رۆژی دابێ دوای دیاری کردنی بەشەکانیان دەست بە خوێندن دەکەن.

شێخ شامۆ سەرۆکی بنگەی لالش و نوێنەری کوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان گوتی: سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیمان کرد، لەگەڵ ئەوەیش بەردەوام لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی قوتابیانی كوردی ئێزدی لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان خوێندن تەواو بکەن، سەرۆکی حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان، پێشتر ڕەزامەندی لەسەر زیاتر لە 800 قوتابی دابوو، ئێستایش ره‌زامه‌ندی لەسەر 1200 قوتابی دیکە داوە، بۆ ئەوەیش لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەی هەرچی زووە ئەو قوتابیانە لە هەرێمی کوردستان دەست بە خوێندن بکەن.

گوتیشی: ئەو هەزار و 200 قوتابیە، قۆناخی یه‌كن، لە مووسڵ دەگوازرێنەوە هەرێم و پاشان دەبنە هەمیشەی و تا خوێندنی خۆیان تەواو دەکەن، لە هەرێمی کوردستان دەخوێنن، ئەوانی دیکەیش قۆناخی دوون، پاش داگیرکردنی مووسڵ لەلایەن داعش ئەو قوتابیانە نەیان توانی درێژە بە خوێندن بدەن، بۆ ئەمەیش بۆ ئەوەی لە خوێندن بێبەش نەبن، لە زانکۆییەکانی هەرێمی کوردستان دەخوێنن.

(شامۆ) گوتیشی: کاروباری ئەو قوتابیانە بە کۆتا هاتووە و لە چەند رۆژی دابێ بەسەر زانکۆكاندا دابەش دەکرێن و دەست بەخوێندن دەکەن".
Top