وەزیری دەرەوەی عێراق: هیچ سەربازێکی ئێرانی لە عێراق نییە

وەزیری دەرەوەی عێراق: هیچ سەربازێکی ئێرانی لە عێراق نییە
وەزیری دەرەوەی عێراق رەتیدەکاتەوە هیچ سەربازێکی ئێرانی لە وڵاتەکەیدا بێت و رایدەگەیەنێت، کە هەموو رێگایەک دەگرنەبەر بۆ چوونە دەرەوەی سوپای تورکیا لە سەر خاکی عێراق.



ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عێراق لە جاوپێکەوتنێکی شەرقولئەوسەت رایگەیاندووە، کە لەگەڵ لایەنی تورکی گفتوگۆیان کردووە و وڵاتانی عەرەبی و ئەنجومەنی ئاسایشیان ئاگادار کردووەتەوە و ”بەپێی وەڵامی حکوومەتی تورکیا هەڵوێستمان دەبێت“.



بە گوتەی ئیبراهیم جەعفەری، هیچ سەربازگەیەکی ئێرانی لەسەر خاکی عێراق بوونی نییە، ”هێزی بێگانە لە عێراق تەنها سوپای تورکییە“، کە بە ”بێ ئاگاداریی“ حکوومەتی عێراق هاتوونەتە عێراق.



ئەم قسانەی وەزیری دەرەوەی عێراق لەکاتێکدایە، کە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی و سەربازانی ئەو وڵاتە چەندینجار لە عێراق و ناوچە گەرمەکانی شەڕ بینراون.



پێشتر سوپای تورکیا رایگەیاند، کە بۆ مەشقکردن هێزەکانی حەشدی نیشتیمانی، ئەو هێزەی کار بۆ ئازادکردنەوەی موسڵ دەکات، هێزێکی سوپای تورکیا لە پارێزگای نەینەوا جێگیرکراون.



زۆرینەی شار و ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) داگیرکران.



ئەم وێنەیە لە ماڵپەڕی ئەهلی بەیتی شیعەکان بڵاوبووەتوە و لە ژێرییەوە نووسراوە، قاسم سولەیمانی لە میانی ئامادەکاریی بۆ جووڵەکردنی سوپای عێراقی بەرەو شاری روومادیی رۆژئاوای عێراق.











باسنیوز
Top