سەرۆك بارزانی پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستانی راگەیاندووە و لە ئامادەباشیدایە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم
نانسی سۆدەربێرگ هەروەها گوتی: سعودیە دەوڵەتێكی سوننەیە و دان بەو راستییەدا دەنێت كە كێشەی تیرۆریستانی داعش، كێشەی سوننەكانە، بۆیە من وای دەبینم پرسی راگەیاندنی هاوپەیمانییەكی ئیسلامی دژی تیرۆریستانی داعش كەمتر پێوەندی بە ئیدارەی ئۆباماوە هەیە و زیاتر پێوەندی بە پرسی دیكەی وەك سەركردایەتی جیهانی عەرەبی و ئیسلامی هەیە، ئەمەش لەو روانگەیەوە كە پێویستە لەناو جیهانی ئیسلامی و عەرەبی جۆرێك یەكگرتن و هاوپەیمانی هەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و ئەوەش كارێكی باشە، بەڵام سەبارەت بەوەی ئەم هەنگاوەی عەرەبستانی سعودیە چ كاریگەری و رەنگدانەوەیەكی لەسەر هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمەریكا، من بێگومانم لەوەی پرسی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و كەمتەرخەمی ئیدارەی ئۆباما كاریگەری گەورەی لەسەر رای گشتی ئەمەریكا زۆر دەبێت و دەبێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی كاندیدی تەقلیدی دیكە بێنە ناو پرۆسەكە و لەسەر ئەم پرسانە كێبڕكێی هەڵبژاردن بكەن، بەڵام ئەگەر پێمانوابێت ئەم جۆرە هەوڵانە كاریگەری لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا دروست دەكات، بەهیچ جۆرێك كاریگەری لەسەر سیاسەتی دەرەوە دروست ناكات.
شايانى باسه سۆدەربێرگ هەروەها گوتی: لە عێراق و سووریادا ململانێی و كێشە و گرفتی شەڕی نێوان سوننە و شیعە هەیە و هەتا ئەم ناكۆكییە بەردوام بێت، ئەوا بارودۆخەكە خراپتر دەبێت و ململانێی نێوان سعودیە و ئێرانیش زیاتر دەبێت، كەواتە بۆ ئەوەی سنوورێك بۆ بارودۆخە دابنرێت، ئەوا دەبێت پشت بەو فاكتەرانە ببەسترێت كە دەبنە هۆكاری ئەوەی كێشەكە چارەسەر دەكات، یان چۆن چارەسەری دەكات. بۆیە پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەو هاوپەیمانییە ئیسلامییەی عەرەبستانی سعودیە رایگەیاندووە، دەتوانێت ئەو ئامانجە بەدیبهێنێت كە لە پێناویدا ئەم هاوپەیمانییە پێكهاتووە؟ من كە سەیری هاوكێشە سیاسییەكە دەكەم، پێموانیە ئەم هاوپەیمانیە بتوانیت كێشەكە چارەسەر بكات، یان دەستێوەردانی ئێرانی كێشەكە چارەسەربكات، لە واقیعدا پرسەكە بەوجۆرەیە كە هەردوو لایان شەڕی بە وەكالەت دەكەن، بۆیە باشترە ئێران بەشدار بێت لەناو ئەو هەوڵانەی بۆ چاسەرەكردنی كێشەی سووریا دەدرێن.
لە كۆتایی قسەكانیدا نانسی گوتی: پێش هەموو شت سەركەوتنەكانی پێشمەرگە بێ وێنەن، بۆیە دەبێت كورد شانازی بە شەڕەكانی دژی داعش و سەركەوتنەكانیان بكەن، هەروەها گرنگە شانازی بە خۆیان بكەن كە لەم شەڕەدا كاریگەری تەواویان هەیە و رۆڵی كاریگەر لە تیكشكاندنی داعش دەگێڕن، ئەمەش وایكردووە كە ئەمەریكا زیاتر پاڵپشتییان بكات.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1056)
