ئۆجەلان: په‌كه‌كه‌ سیاسه‌تی داگیركارانه‌ پیاده‌ ده‌كات

 ئۆجەلان: په‌كه‌كه‌ سیاسه‌تی داگیركارانه‌ پیاده‌ ده‌كات
سیاسه‌تمه‌دار (عوسمان ئۆجەلان) ڕایگەیاند، پەکەکە دەبێ ڕێز لە سەروەرییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت و چاو لە هێزی پێشمەرگە بکات و خاکی هەرێمی کوردستان چۆڵ بکات، نەک ڕووی کردە هەر شوێنێک، داگیر بکات؛ ئەوەیش هەر سیاسەتی داگیرکارانەیە.

(عوسمان ئۆجەلان) سیاسەتمەداری کورد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "پێوه‌ندی پەکەکە بە بەغدا بۆ تێکدانی بارودۆخی هەرێمی کوردستان نەریتی کوردان نییە و شتێکی خراپە، ئەمە لە کاتێکدایە کە خۆیان بە هێزێکی نەتەوەیی دەزانن، هێزی پێشمەرگە چووە کۆبانێ، تا شارەکە ئازاد نەبوو نەگەڕایەوە، بەڵام دوای ئازادبوونی شارەکە و جێبەجێکردنی ئەرکی خۆ گەڕایەوە، کە ئەوە ڕۆژێکی مێژووی بوو لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد، دەبێ پەکەکەیش چاو لە هێزی پێشمەرگە بکات و لە هەرێمی کوردستان بکشێتەوە، نەک ڕووی کردە شوێنێک دەستبەرداری نەبێت، کە ئەوەیش سیاسەتێکی داگیرکارانەیە؛ دەبێت ڕێز لە سەروەرییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت."
گوتیشی: "پەراوێزخستنی پرۆسەی ئاشتی، شارەکانی کورد تەخت دەکرێن، هاووڵاتیانی کورد دەکوژرێن، ڕۆژانە هاووڵاتیانی کورد ماڵوحاڵی خۆیان بەجێ دەهێڵن، بۆیە لە ڕاوەستاندنی پرۆسەی ئاشتی و تێکچوونی بارودۆخی باکووری کوردستان تەنیا هاووڵاتیانی لاشەڕ (سڤیل) زەرەرمەند بوون، بۆیە شەڕ چارە نیە، دەبێت پەکەکە ڕێز لە خەڵکی باکوری کوردستان بگرێت و جارێکی دیکە بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی دەست پێ بکاتەوە."
Top