"پڕۆژه‌ی چاكسازیی حكوومه‌ت له ‌به‌رژه‌وه‌ندیی گشت خه‌ڵكی كوردستانه‌"

دوای ئەوەی لە 21ـی ئەم مانگە، ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بوویەوە و، بە 11 خاڵ دەستی بە هەنگاوی چاکسازی کرد، ئەندامێکی سەرکردایەتی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، نابێت لایەنەکان مزایەدە بە پرۆژەی چاکسازییەوە بکەن، چونکە ئەوە تەنیا پەیوەندی بە لایەنێکەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە هەموو لایەنەکانەوە هەیە و لە سوودی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستانە.

(موسلیح ڕەجەب) ئەندامی سەرکردایەتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ئەم چاکسازیانەی سەرۆکی حکوومەت، کاتەکەی زۆر گونجاو بوو، هەموو لایەک دەزانین، هەرێم بۆ ماوەی دوو ساڵە بە قەیرانێکی دارایی خراپدا دەڕوات و بە هۆی بڕینی بوودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە، سەرەڕای ئەمەیش نزیکەی دووملیۆن ئاوارە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و، ئەمەش باری هەرێمی قورس کردووە، ئەمانەش کارییگەریەکی زۆریان کردووەتە سەر ژیانی هاووڵاتیان، بۆیە لە کاتێکی زۆر گونجاودا سەرۆکی حکوومەت دەستی بە چاکسازی کرد.

گوتیشی: "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕەوشێکی زۆر ناخۆش دایە، ڕۆژ بە ڕۆژ نرخی نەوت دادەبەزێت، ئەو پرۆژەی سەرۆکی حکوومەت ڕایگەیاندووە، پرۆژەیەکی زۆر باشە، بۆیە دەبێت هەموو لایەنەکانی ناو حکوومەت و دەرەوەی حکوومەت پشتگیری لەو بەرنامەیە بکەن، تا هەرێمی کوردستان لەو قەیرانەی تێکەوتوو ڕزگار بێت، لەگەڵ ئەوەیش دەبێت هاووڵاتیان و لایەنەکان سەبر و تەحەمولیان هەبێت چونکە ئەو بەرنامەیە بە ڕۆژێک و دوو ڕۆژ ناکرێت، بەڵکو ئەوە پێویستی بە چەند ساڵێک هەیە."

(ڕەجەب) دەیشڵێ: "نابێت لایەنەکان مزایەدە بە پرۆژەی چاکسازی بکەن، چونکە ئەوە تەنیا پەیوەندی بە لایەنێک نییە، بەڵکو پەیوەندی بە هەموو لایەنەکانەوە هەیە و لە سوودی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان، بۆیە ناکرێت لایەنێک بۆ بەرژەوەندی خۆی گرنگ و بایەخی ئەو پرۆژەیە کەم بکرێتەوە، چونکە ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان چاکسازی پێویستە، بۆ ئەوەیش دەبێت هەموو لایەنەکان یەک بگرن و هاوکار بن بۆ حکوومەت تا ئەو ئەزموونەی لە هەرێمی کوردستان هەیە بەرەو پێشەوە بچێت".
Top