سه‌رۆ قادر: ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، بۆ بارزانی ئەرکێکی حەتمییە

 سه‌رۆ قادر: ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، بۆ بارزانی ئەرکێکی حەتمییە
(سه‌رۆ قادر) باوه‌ری وایه‌، ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، بۆ (بارزانی) ئەرکێکی حەتمییە و شانی داوەتەبەر، لێی ناگەڕێتەوە و هەماهەنگیی جیهانی و ئابووری و سوپایی بۆ کردووە. هاوكات ده‌شڵێ، ئەم پڕۆسەیە درێژخایەن دەبێت و، قۆناغێکە وەک قۆناغەکانی تر تێیدەپەڕێنین و سەردەکەوین.''

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی 'رۆژی کورد'، (سەرۆ قادر) نووسەر و رووناکبیر، باس لە ئاڵوگۆڕییەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕ و ململانێی هێزەکانی ناوچەکە و جیهان و پرسی خۆئامادەکردنی باشووری کوردستان بۆ ریفراندۆمێکی سەرانسەری بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی دەکا و، ڕایگەیاند: ''وەک دیارە شەڕێکی جیهانیی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چەند ساڵە دەستی پێکردووە. بەڵام لە ساڵی 2015دا گەیشتە قۆناغی بەرانبەر یەکدی وەستانی هێزە هەرێمی و جیهانییە زلهێزەکان. لە ڕاستیدا ڕووسیا و ئەمه‌ریکا لە ناو سووریا بەرانبەر یەکدی وەستاون. لە ناو سووریا و عێڕاقدا سعوودیا و تورکیا+ ئەمه‌ریکا و ئەورووپا و کوردستان + ئیسڕائیل، بەرانبەر ئێران و ڕووسیا وەستاون. هێزە ناوچەییەکان و میلیشیاکان و تیرۆریستەکان، لەم بەرەیە بەدوور نین. بۆیە بارەکە زۆر ئاڵۆزە. تەنیا لەسەر زەمینی جەنگ و بە چاودێریی ڕۆژانە دەکرێ هەڵوێستەکانی ناوچەیی لێکدی جیا بکرێنەوە.''

سەبارەت بە باشووری کوردستان و رۆڵی (مەسعوود بارزانی) وەک سەرۆکی هەرێم، (سەرۆ قادر) گوتی: ''بە نیسبەت کوردستانەوە، ستڕاتیژی (سەرۆک بارزانی) زۆر ئاشکرایە؛ دەیەوێ کوردستان بەرەو سەربەخۆیی ببات. ئەو لە چەند ساڵی رابردوودا کوردستانی کردە خاوەنی هێزێکی نیزامیی زۆر کارا و هاوپەیمانی ئەمه‌ریکا و ئەورووپا. سوپای پێشمەرگە، بە درێژاییی زیاتر لە دووهەزار کیلۆمەتر (لە عەفرین تا خانەقین) جەنگ دەکات و، ئەمه‌ریکا پشتیوانیەتی. هەروەها ئەورووپا و ئیسڕائیل و سعوودیایش پشتیوانی کوردستانن. هەر کام لەوانە، ئامانج و ستڕاتیژی تایبەتی خۆی هەیە. (سەرۆک بارزانی) لەگەڵ ئەو ستڕاتیژی و ئامانجانە دانوستاندن دەکات. ئەو لەسەر زەوییەکی بەهێز و پتەو وەستاوە و، فەرماندەیی سوپایەکی بەهێز دەکات. بۆیە هێزە جیهانی و هەرێمییەکانیش حیسابی بۆ دەکەن.
من لەم قسەیەمدا، شەڕڤان و پێشمەرگەکانی رۆژاڤای کوردستانیش بەو هێزە سوپایییە کوردستانییە دادەنێم کە لە جموجۆڵی گشتی و ستڕاتیژی سوپاییدا، (سەرۆک بارزانی) فەرمانی تێدا دەدات. لەم قسەیەشمدا، لێدوانی ناهاوسەنگی بەڕێز (ساڵح موسلیم)م لە بەرچاوە کە باسی سەرپێچیکردن و دژایەتیکردنی سەربەخۆیی کردووە. ئەو ستڕاتیژە سوپاییە گەورەیەی ناوچەکە، لە کاتی پێویستدا هەر سەرپێچییەک سەرڕاست دەکاتەوە. جا ئەوە لە رۆژاڤا بێت یان لە باشوور یان لە باکوور.

سەبارەت بە پرسی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆییی باشووری کوردستان و پلانی (بارزانی) بۆ سەرخستنی ریفراندۆمەکە، (سەرۆ قادر) ڕایگەیاند: ''(سەرۆک بارزانی) داوای تەفاهومی ناوخۆیی دەکات و دەیەوێ هەموو حزب و کەسایەتییە سیاسییەکان، بەشداریی پڕۆسەی سەربەخۆیی بن. بۆیە پێش ڕیفڕاندۆم، کاری ڕێكکەوتن و دابەشکردنی ئەرکەکان دەست پێدەکات. هەڵبەت ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، بۆ (بارزانی) ئەرکێکی حەتمییە و شانی داوەتەبەر، لێی ناگەڕێتەوە و هەماهەنگیی جیهانی و ئابووری و سوپایی بۆ کردووە. هەڵبەت ئەم پڕۆسەیە درێژخایەن دەبێت و، قۆناغێکە وەک قۆناغەکانی تر تێیدەپەڕێنین و سەردەکەوین.''
Top