سەرۆکوەزیرانی تورکیا کەسێک بۆ پرسی چارەسەرکردنی دۆزی کورد ڕادەسپێرێت
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کە لە میدیاکانی تورکیاوە بڵاوکراونەتەوە، ”ئەحمەد داودئۆغڵو“، سەرۆکوەزیرانی تورکیا، ”یەڵماز ئەنسارئۆغڵو“ی لە چوارچێوەی هەوڵەکانی چارەسەرکردنی پرسی كورد لە تورکیا ڕاسپاردووە. باسیش لەوە دەکرێت کە ئەنسارئۆغڵو داواکەی سەرۆکوەزیرانی تورکیای پەسەند کردووە، بەڵام هێشتا بە فەرمی ڕانەگەیاندراوە.
لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە، دوای کوژرانی ٢ پۆلیسی تورکیا کە پارتی کرێکارانی کوردستان بەرپرسیارێتیی کوشتنەکەی لە ئەستۆ گرت، پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان و ئاگربەستی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆتایی هاتووە و ئێستا بارودۆخی باکووری کوردستان لەوپەڕی ئاڵۆزی دایە.
کورتەیەک لە بارەی یەڵماز ئەنسارئۆغڵو:
- چالاکوان و سیاسەتمەدارێکی بە ڕەگەز کوردە.
- سەرۆکی مەزڵومدەر بووە کە ڕێکخراوێکی ئیسلامیی بواری مافی مرۆڤە لە باکووری کوردستان و ناوەندەکەی لە شاری دیاربەکرە.
- یەکێک بوو لە ئەندامانی کۆمسیۆنی دانایان کە ڕۆڵیان لە پرۆسەی ئاشتیدا هەبوو.
- لە هەڵبژاردنەکانی ٧ی حوزەیراندا کاندیدی شاری ئاگریی باکووری کوردستانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) بوو، بەڵام دەنگی پێویستی بە دەست نەهێنا.
- لە پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری پرسی کورددا شارەزاییەکی زۆرە و بە وتەی: ”پرسی کورد بە پەکەکە دەستی پێنەکردووە، بەڵکو لە ئەنجامی سیاسەتە خراپەکانی دەوڵەتی تورکیا، پەکەکە درووست بووە“، ناوبانگی زیاتری دەرکردووە.
باسنیوز
