"حكوومه‌ت ده‌رگای چاكسازی له‌سه‌روبه‌ندی ڕیفراندۆمی هه‌رێم كرده‌وه‌"

وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان ڕایده‌گه‌یێنێ كه‌ چاكسازییه‌كه‌ی حكوومه‌ت به‌رده‌وام ده‌بێ؛‌ به‌همه‌ن كاك عه‌بدوڵاـیش ده‌ڵێ، به‌ره‌و ڕیفراندۆم ده‌چین بۆیه‌ وه‌ها چاكسازییه‌ك له‌ كاتێكی گونجاو بوو.

ئەم 11 خالەی چاكسازی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم تەنها پێشەكی بەرنامەی چاكسازی سەرۆكوەزیران بووە و، تەنها بۆ كەمكردنەوەی خەرجییەكان بووە, چاكسازییەكانیش لەلایەن ئەم لیژنانەوە دەبێت كە هەیكەلی وەزارەتەكان دادەڕێژنەوە و داهاتەكەیان زیاد دەكەن و، لە ساڵی نوێیشەوە كارەكەیان دەكەن؛ كۆبوونەوەی تریش دەكرێت كە تەواوكەری ئەم چاكسازی و بەرنامانە دەبن."

ڕۆژی دووشەممە 21ـی كانوونی یەكەم بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئەنجومەنی وەزیران كۆبوونەوەیەكی تایبەتی لەبارەی دۆخی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستانەوە ساز كرد. حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەو كۆبوونەوەدا بە 11 خاڵ دەستی بە هەنگاوی چاكسازی كرد كە گشتی پێوەست بوو بە بواری داراییەوە.

پێوەست بەو چاكسازیانە (نەورۆز مەولوود) وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتیی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "هەندێك خاڵ لەو 11 خاڵە چاكسازییەی حكوومەتی هەرێم چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، چونكە بڕیارە و دەبێ جێبەجێ بكرێت لە یەكەم ڕۆژی ساڵی نوێوە. بۆ نموونە كەمكردنەوەی دەرماڵەی پلەتایبەت و ئەندام‌پەرلەمان. هەندێك خاڵیشیان پێویستیان بە پێكهێنانی لیژنەیە, بۆ نموونە لیژنەیەك دروست كراوە بۆ پێداچوونەوە بە هەیكەلی وەزارەتەكاندا و كەمكردنەوەی ستاف و جێبەجێكردنی بەرنامە چاكسازییەكان ئەمەش دەكاتە كارابوونەوەی وزارەتەكان و ڕۆڵی تەواویشی دەبێت لە كەمكردنەوەی گەندەڵیدا."

(نه‌ورۆز مەولوود) گوتیشی: "هەر وەزارەتێكیش بۆی هەیە لە باج و ڕسومات و داهات چاكسازی بكات و بە باشترین شێوەی گونجاو زیادی بكات. ئالیەتی كۆكردنەوەی باج و داهاتەكانیش دەگۆڕدرێت و بە شێوەیەكی تر كاری بۆ دەكرێت. لەگەڵ وەزیری كارەباش قسە كراوە بۆ ئەوەی بتواندرێت بە ڕێگای گونجاو پارەی كارەبای كەرتی تایبەت كۆ بكرێتەوە و ڕەچاوی بارە خراپە ئابوورییەکەی هاووڵاتیان بكرێت."
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕاشیگەیاند: "لە وەزارەتەكەی خۆمدا دەتوانین ڕێنمایی تازە دەربكەین سەبارەت بە باجەكانی خەڵكی، بەڵام ڕەچاوی بارودۆخی دارایی هاوڵاتیانی كەم دەرامەت دەكەین."

گوتیشی: "ئەم 11 خاڵەی كە ڕاگەیێندراوە تەنها پێشەكی بەرنامەی چاكسازی سەرۆكوەزیران بوو، تەنها بۆ كەمكردنەوەی خەرجیەكان بوو, بەڵام چاكسازییەكانیش لەلایەن ئەم لیژنانەوە دەبێت كە هەیكەلی وەزارەتەكان دادەڕێژنەوە و داهاتەكەیان زیاد دەكەن كە لە ساڵی نوێوە دەكەوێتە کار. كۆبوونەوەی تریش دەكرێت كە تەواوكەری ئەم چاكسازی و بەرنامانە دەبن."
(بەمەن كاك عەبدوڵا) بەرپرسی لیژنەی ناوچەی كەلاری پارتییش ڕایگەیاند: "ئەم چاكسازیانەی سەرۆكوەزیران كاتەكەی زۆر گونجاو بوو. هەموو لایەك دەزانین لە ساڵی 2014وە بە قەیرانێكی دارایی خراپدا دەڕۆین و بە هۆی برینی بوودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە, زیاتر لە 150 كیلۆمەتر هێزی پێشمەرگە لە شەڕی داعشە و ئەمەش خەرجێکی زۆری دەوێت. سەرەرای ئەمەش ملیۆنێک‌و200هەزار ئاوارە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و، ئەمەش بارێكی ترە بۆ هەرێم. ئەمانەش كارییگەریەكی زۆری كردووەتە سەر ژیانی هاووڵاتیان و وای كردووە حكوومەتی هەرێم ئێستا سێ مووچەی فەرمانبەران قەرزار بێت، بۆیە لە كاتێكی زۆر گونجاودا سەرۆكوەزیران دەستی بە چاكسازی كرد."

(به‌ه‌مه‌ن كاك عەبدوڵا) ڕایشیگەیاند: "دڵنیام سەرۆكوەزیران (نیچیرڤان بارزانی) كەسێكی زۆر ساحیبقەرارە و دەوڵەتمەدارێكی زۆر سەركەوتووە و دەتوانێ ئەم بڕیارانەی داویەتی جێبەجێیشی بكات. پێویستە حزبەكانی ناو حكوومەت هاوارێكی جدی بن بۆ جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژە چاكسازییە و هیچ نەبێت بەشێك لە قەیرانەكان چارە بكەن. زۆر گرینگیشە بیرمان نەچێت كە وڵاتەکەمان بەرەو ڕیفراندۆم دەچێت و دەچێتە قۆناغی نوێوە، بۆیە وەها چاكسازییەك كاتەکەی زۆر گونجاو بوو."
Top