وەزیری دەرەوەی ڕووسیا: کورد مافی خۆیەتی لە خاکی خۆیدا بە ئازادی بژی

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا: کورد مافی خۆیەتی لە خاکی خۆیدا بە ئازادی بژی
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، کورد لە پێناو ماڵ و خاکی خۆیاندا شەڕ لە دژی داعش دەکەن و مافی خۆیانە بە ئازادی بژین.



کەمێک پێش ئێستا (چوارشەممە ٢٣\١٢\٢٠١٥)، ”سێرگی لاڤرۆف“، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ ”سەڵاحەدین دەمیرتاش“، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، ڕایگەیاند، ڕووسیا لە هەوڵەکانی خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەردەوام دەبێت. هاوکات سەبارەت بە ڕۆڵی کورد لە شەڕی دژ بە داعش گوتی: ”باش دەزانین لە سووریادا کورد هەن و لە دژی داعش شەڕ دەکەن، کوردان بۆ ماڵ و خاکی خۆیان شەڕ لە دژی داعش دەکەن. بێگومان کوردان مافی خۆیانە لە خاکی خۆیاندا بە ئازادی بژین“. جەختیشی لەوە کردەوە، وڵاتەکەی ئامادەیە پشتگیری ئەوانە بکات کە شەڕ لە دژی داعش دەکەن.



هەر لەو کۆبوونەوەیەدا ”سەڵاحەدین دەمیرتاش“، هاوسەرۆکی هەدەپە، وێڕای سوپاسکردنی پێشوازیکردنەکەی، ئاماژەی بە گرژییەکانی نێوان ڕووسیا و تورکیا کرد و ڕایگەیاند: ”ئێمە لە سەرەتاوە دژی خستنەخوارەوەی فڕۆکە جەنگییە ڕووسییەکە بووین، ئێستاش پێمانوایە کە دەبێت کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن“. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەوان لە نێو تورکیادا داوای ئاشتی و دیموکراسی دەکەن.










باسنیوز
Top