پەرلەمانتارێکی ئاکپارتی: پشتیوانی لە گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەکەین
ئەنساریئۆغلو دەربارەی گشتپرسی بۆ پرسی سەربەخۆیی باشووری کوردستان، ئەنساریئۆغلو گوتی "هەلومەرجی کوردستانی عێراق وەکو دۆخی تورکیا نییە. بابەتی سەربەخۆیی مافێکی رەوای کوردە لە عێراقدا و ئێمە پشتیوانی لێ دەکەین. کاتێک نەتوانرێت لەگەڵ عێراقێکدا بژیت و ژیان بەیەکەوە هیچ واتایەکی نەبێت، ئەوکاتە جیابوونەوە لەعێراق باشترین رێگەچارەیە. بۆیە ئێمە پشتیوانی لەو هەوڵەی مەسعود بارزانی دەکەین".
دەربارەی پرسی خۆسەری لە باکووری کوردستان، كە موراد قەرەیلا، فەرماندەی گشتی هێزەکانی پاراستنی گەل HPG گوتبووی "ئەگەر تورکیا لەسەر هەڵوێستەکانی بەردەوام بێت بیر لە جیابوونەوە دەکەنەوە". ئەو پەرلەمانتارەی ئاكپارتی رایگەیاند، ئێستا 80%ی خۆسەری لە باکووری کوردستان هەیە.
ئەنساریئۆغلو گوتیشی "ئەی ئەوەنییە بودجەی حیزبەکان وەردەگرن؟ شارەوانی بەدەست کوردە، کورد بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکات. ئێمە ئێستا دەتوانین هەموو شتێک بڵێین کە پێشتر نەماندەتوانی، بۆیە دەڵێم بۆ ئەوەی بتوانرێت 100%ی خۆسەری یان خۆبەڕێوەبەری بەدەستبهێنرێت، پێویستە بەڕێگای دیموکراتیانە ئەم پرسە بخرێتەڕوو، نەك بە کوشتن".
ئەو پەرلەمانتارەی ئاکپارتی لە شاری ئامەد گوتی، نابێت داواکارییەکی بەم جۆرە لەرێگای گرتن و هێرشکردن و بۆمبارانەوە بکرێت. چونکە ئەم بارودۆخە واناچێتە سەر. بەڵکو پێویستە بە سیاسەتێکی دیموکراتیانە بابەتی خۆسەری بخرێتە بەرباس و با لە پەرلەمان و شوێنی دیکە پێشنیازی بکەن تاکو گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت.
ئەو لێدوانەی ئەو پەرلەمانتارە لەکاتێکدایە کە پێشتر ئەحمەد داودئۆغلو، سەرۆکوەزیرانی تورکیا باسی لەوەکردبوو کە ئەوان نایانەوێت داواکاری وەکو خۆسەری بناسن، چ جای ئەوەی گفتوگۆی لەسەر بکەن. بۆیە بەپێی ئەنجامەکانی دواین هەڵبژاردن مامەڵە دەکەن.
رووداو
