بەشارەتی: دیسان یهكێتی پهشیمان بوویهوه
بەرپرسی لقی ١٢ی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵەبجە (فازڵ بەشارەتی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بەڵێنیان دابوو پۆستی قایمقامی ھەڵەبجەمان پێ بدەن، کەچیی دیسان لێی پەشیمان بوونەتەوە؛ بۆیە منیش پێم وتن ئەو ھەموو بەڵێن و قسەی ناوێت و، با پۆستەکانی ئێمەیش بۆ ئێوە بێت؛ ئیتر ئەوە بوو ئەو هەموو کۆبوونەوەی کە کردمان، بوو بە هیچ."
(فازڵ بەشارەتی) دەڵێ دیارە برادەران لە ناو خۆیاندا ڕێک ناکەون، ئەگین بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە خۆی ھاتە لام و، گوتی بەبێ ئێوە حکوومەتمان پێ دانامەزرێ و، کارەکە سەر ناگرێ؛ بۆیە پێمان باشە بەشدار بن و، خۆ دنیا خراب نابێت پۆستی قایمقام یاخود پۆستێکی دیکە بدەین بە ئێوە؛ ئێمەش پێمان وتن ئەگەر پۆستێک بڕیاری بەدەست نەبێت ئێمە وەریناگرین و، کە وەریشماننەگرت لاریمان نابێت دابەشی بکەن بەسەر ئەو لایەنانەدا کە زۆر حەزیان لە پۆستە.
وتیشی، ئێستا دەڵێن ناتوانین پۆستی قایمقام بدەین بە پارتیی و، پۆستەکانی دیکەش دابەش کراوە و، گوایە ھیچ پۆستێک بۆ ئێمە نەماوەتەوە! ئەوان ئەو هەموو کۆبوونەوەیان کردە هیچ و، بەڵێنەکەی خۆیانیان نەبردە سەر؛ بۆیە ئێمەش بڕیارمان داوە کە بەشداری نەکەین، چونکە ھەموویان ھەڵوەشاندەوە.
(بەشارەتی) ڕاشیگەیاند، بڕیار بوو سەردانی وەزیری ناوخۆ و جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بکەین، بەڵام مادامەکینێ پەشیمان بوونەتەوە، ئەو سەردانەش ناکرێت.
