سەرۆك بارزانی داوای ئامادەکاری بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی دەکات
ئەم داوایەی بارزانی لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی حیزبەكەیدا هاتووە كە تێیدا بڕیارێكی نوێ لەبارەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیش دراوە و دەڵێت تاوەكو یوسف محەممەد نەگۆڕدرێ، پەرلەمانی كوردستان كۆنابێتەوە. بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان ئەو داوایە رەتدەكاتەوە و دەڵێت "یوسف محەممەد ناگۆڕین و با كۆبوونەوەی پەرلەمان نەكرێ".
رۆژی 20/12/2015 ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی كرد. ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی كە لە كۆبوونەوەكەدا بەشدار بووە، هەڵوێست و بڕیارێكی نوێی پارتی لەبارەی یوسف محەممەد، سەرۆكی پەرلەمان كوردستان ئاشكرا دەكات.
ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەركردایەتی پارتی گوت ی: نابێ یوسف محەممەد بگەڕێتەوە سەر كارەكەی، وەكو سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بگرە تاوەكو یوسف محەممەد سەرۆكی پەرلەمان بێ، كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان ناكرێ".
ئاراس حەسۆ میرخان هەڵوێستی توندتری پارتی لەسەر سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كە سەر بە بزووتنەوەی گۆڕانە باس دەكات "لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی باسی ئەوە كرا كە پارتی لەسەر مەسەلەی لادانی یوسف محەممەد، سازش ناكات و یەكێتیش لەوە ئاگادار كراوەتەوە".
دەربارەی هەڵوێستی ئەمریكا و دەوڵەتانی ئەوروپی و ئەوانەی كونسوڵخانە و نوێنەرایەتیان لە كوردستان هەیە، ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی دەڵێت "لە هۆكاری رێگریكردن لە یوسف محەممەد، ئەمریكا و هاوپەیمانان ئاگادار كراونەتەوە كە ناكرێ پارتی شەڕی داعش بكات، گۆڕان و یوسف محەممەد لەنێوخۆی كوردستان كێشە دروست بكەن. ئەوانیش گوتوویانە تەفاهومی دۆخەكە دەكەین".
تەنیا پارتی نییە هەڵوێستی لە دژی بزووتنەوەی گۆڕان وەرگرتووە، بەڵكو گۆڕانیش بێدەنگ نەبووە. شۆڕش حاجی، گوتەبێژی فەرمی بزووتنەوەی گۆڕان دەربارەی ئەوەی تاوەكو یوسف محەممەد نەگۆڕدرێ، پەرلەمان كۆنابێتەوە گوت "بڕیارەكە لای گۆڕان نییە، بەڵكو لەلای پارتییە، دەبێ پەرلەمان كارا بكرێ و یوسف محەممەدیش بگەڕێتەوە".
دوای ئەوەی چەند بارەگایەكی لە سنووری پارێزگای سلێمانی سووتێنران، رۆژی 12/10/2015 پارتی رێگەی نەدا یوسف محەممەد، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بگەڕێتەوە هەولێر.
شۆڕش حاجی لەبارەی دوا هەڵوێستی گۆڕان لە گۆڕینی یوسف محەممەد دەڵێت "یەك زەڕە هەڵوێستی بزووتنەوەی گۆڕان نەگۆڕاوە، ئەگەر پارتی دەڵێ تاوەكو یوسف محەممەد نەگۆڕدرێ كۆبوونەوەی پەرلەمان ناكرێ، لای گۆڕانیش با وابێ، با كۆبوونەوەی پەرلەمان نەكرێ".
هەر لەو چوارچێوەیەدا ئاراس حەسۆ میرخان دەربارەی ئەگەرەكانی گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان گوتی "پارتی لە بەرنامەیدا نییە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان كۆببێتەوە، تەنانەت ئەگەر نەوشیروان مستەفاش بگەڕێتەوە، ئیدی مامەڵەی لەگەڵ ناكەین".
یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە رێگەی چەند كۆبوونەوەیەكەوە لەگەڵ پارتی و گۆڕان هەوڵی دا ئەو دوو لایەنە ناكۆكە لە یەكدی نزیك بكاتەوە و كێشەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و یوسف محەممەد چارەسەر بكەن.
گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی هەوڵەكانی یەكێتی دەڵێت "یەكێتی پاكێجێكی پێشكەش كردبوو، لەنێو پاكێجەكەدا گۆڕینی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان هەبوو، بەڵام رەتمانكردەوە". شۆڕش حاجی دەڵێت "برادەرانی یەكێتیش گوتیان پاكێجەكە پێكەوەیە، ئێمەش بە قەتعی رەتمانكردەوە كە سەرۆكی پەرلەمان بگۆڕدرێ".
بەقسەی گوتەبێژی گۆڕان بێ، لەگەڵ پارتی گەیاندوویانەتە "مریشكە رەشە". شۆڕش حاجی بەدووری دەبینێ لەگەڵ پارتی كۆببنەوە "زەمینەی دانیشتن لەگەڵ پارتی نەماوە".
بەڵام هەڵسوڕاوێكی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان لە بەرژەوەندی پارتیدا دەبینێ و بە (رووداو)ی گوت "ئێستا سێ كەس لە كوردستان حوكم دەكەن، ئەویش كاك مەسعود، مەسرور بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و هەر سێ پارتین و بە ناوی هەرێمی كوردستانەوە بڕیار دەدەن و كۆبوونەوە لەگەڵ دەوڵەتان دەكەن". بۆیە وەك خۆی دەڵێ "ئێستا كەس نییە چاودێرییان بكات".
لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی پارتیدا مەسەلەی ئامادەكاری بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی تاوتوێ كراوە و مەسعود بارزانی، داوای لە حیزبەكەی كردووە لەگەڵ حیزبەكانی دیكە دەست بەكار بكەن.
ئاراس حەسۆ میرخان لەوبارەیەوە گوتی "پارتی كاردەكات بۆئەوەی كێشەكانی هەرێمی كوردستان گەورەتر نەبێ، چونكە بڕیارە بەم نزیكانە هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی كۆبوونەوەیەكی گرنگ بكەن". گوتیشی "بارزانی لە كۆبوونەوەكەی سەركردایەتیدا داوای كرد لەگەڵ حیزبەكانی دیكە ئالیەتێك بدۆزنەوە بۆ ئەوەی كار لەسەر ریفراندۆم بكرێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان".
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیش گۆڕانكاری لە هەڵوێستی حیزبەكەی بەرامبەر بە پارتی و گۆڕان ئاشكرا دەكات.
ئەو بەرپرسە باڵایەی یەكێتی كە داوای كرد ناوی ئاشكرا نەكرێ، بە (رووداو)ی گوت "یەكێتی ئێستا لە خۆئامادەكردندایە بۆئەوەی لەگەڵ پارتی زیاتر بچێتە پێش و بڕیارە نەرمیی زیاتر بنوێنێ، پارتیش تەفەهومی وەزعی نێوخۆی یەكێتی دەكات و چەندین هەنگاو دێتە پێش".
ئەو بەرپرسەی یەكێتی ئەوەشی ئاشكرا كرد كە حیزبەكەی لەگەڵ پارتی "ئیدی لەگەلێك بواردا كە پەیوەندی بە چارەنووسی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، بڕیاری هاوبەش دەدەن و پارتیش ئامادە بووە لەو بارەیەوە بێتە پێش". بۆیە "یەكێتی گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی چیدی ناكرێ خۆی لە بڕیاری چارەنووس بەدوور بگرێ و هەموو شتێك تەنیا لەدەست پارتیدا بێ، ئیدی خۆمان بە گۆڕانەوە نابەستینەوە".
رووداو
