كاتی ئەوە هاتووە ئەمریكا و ناتۆ بە توركیا رابگەیەنن رازین بە راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان

كاتی ئەوە هاتووە ئەمریكا و ناتۆ بە توركیا رابگەیەنن رازین بە راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان تێدگەلێن كارپنتەر جێگری سەرۆكی ئامۆژگای كاتۆ گوتی: هەر لەمێژە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕەپانێكی جیۆپۆلیتیكییە بۆ زلهێزەكان لەسەر حیسابی نەهامەتی دانیشتووانە جیاوازەكانی ناوچەكە، باشترین شت كە ولایەتە یەكگرتووەكان و رووسیا و هێزە دەرەكییەكانی دیكە بیكەن، ئەوەیە كە واز لە گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێنن، خۆیان كێشەكانیان چارەسەر بكەن، یان بە دەستێوەردانێكی كەمەوە هاوكارییان بكەن.


تێدگەلێن كارپنتەر هەروەها گوتی: داعش نەدەبووە هەڕەشەیەكی جیهانی ئەگەر ویلایەتە یەكگرتووەكان و هاوپەیمانەكانی بڕیاریان نەدایە دەستوەربدەنە ململانێی ناوچەكانەوە. ئەجێندای داعش لە بنەڕەتدا خۆی لە ناوچەكەدا قەتیس دابوو. تا زیاتر ویلاتە یەكگرتووەكان و هاوپەیمانەكانی دەستێوەردان بكەن، ئەوا زیاتر داعش وڵاتەكانیان دەكاتە ئامانج.


كارپنتەر هەروەها گوتی: داعش دەركەوتەیەكی ململانێی دەسەڵاتی ناوچەیی شیعە و سوننەكانە. كێشە بونیادی و ڕوونترەكە ئەوەیە كە سنوورە سیاسییەكانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەكی زۆر لەلایەن هێزە كۆڵۆنیاڵە ئەوروپییەكانەوە سەپێندراوە و لە گۆشەنیگای ئایینی، یان مۆڕاڵییەوە مانایەكی نییە. دەرئەنجامی سەقامگیرتر لەوانەیە ئەوە بێت سووریا و عێراق هەڵبوەشێندرێتەوە بۆ قەوارەی نوێ كە لەگەڵ واقیعە ئایینی و نەژادییەكاندا بگونجێت. ئەمەش كوردستانی گەورە و قەوارەی نوێی عەرەبە سوننەكان لە ڕۆژهەڵاتی سووریا و ڕۆژئاوای عێراق و قەوارەیەكی بچووكتر بۆ هەموو شیعەكانی عێراق و دەوڵەتێكی بچووك بۆ مەسیحی و دروزەكان لە ڕۆژئاوای سووریا لەخۆ دەگرێت. گۆڕانكارییەكی ئاوا ئاسۆكانی سەقامگیرییەكی درێژخایەن دەخاتە بەردەست.


لە كۆتایی قسەكانیدا تێدگەلێن گوتی: دوودڵی كۆمەڵگەی كوردی بۆ مانەوە وەك بەشێك لە ناو دەوڵەتی تەواو لاوازی عێراق قابیلی تێگەیشتنە و ڕێگری سەرەكی بۆ ئەم گۆڕانە ناڕازیبونی بەردەوامی ئێران و توركیایە بۆ دەوڵەتێكی سەربەخۆی كوردی لە عێراق، یان لە سووریا. بەڵام دەتوانین بڵێین كاتی ئەوە هاتووە ولایەتە یەكگرتووەكان و هاوپەیمانەكانی لە ناتۆ بە ڕوونی بڵێن كە هاوپەیمانیی ناتۆ چیتر ناڕازی نییە لە درووستبوونی كوردستانی سەربەخۆ و ئەگەر توركیاش دەیەوێت وەك ئەندامی ناتۆ بمێنێتەوە (لەگەڵ گرنگی سودە ئەمنیەكانی ئەم بەئەندامبوونە كە لەخۆیدا هەڵیگرتووە)، ئەوا دەبێت لە ڕێگرییەكانی بۆ گۆڕانكاری واز بێنێت.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1055)

Top