لە كۆبوونەوەی حكومەت بڕیار لەبارەی چاكسازی دەدرێت
د. نووری عوسمان، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند،كە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ دووشەممە 21-12-2015 ی ئەنجوومەنی وەزیران باس لە دوو تەوەر دەكرێت، سەرەكییەكەشیان پرسی چاكسازییە.
بەگوتەی نووری عوسمان، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار لەبارەی چاكسازی دەدرێت. لەبارەی ئەوەش گفتوگۆ لەسەر چەند پڕۆژەی چاكسازی دەكەن؟ ئەو بەرپرسەی حكومەت گوتی "پڕۆژە چاكسازییەكەی د.فرسەت سۆفی و گۆران ئازاد لەبەردەست دەبێت، بەڵام ئەوە هەمووی نییە، راستە سوود لەو پڕۆژەیەو پڕۆژەی دیكەش دەبینین، بەڵام حكومەتیش پڕۆژەی گەورەی بۆ چاكسازی هەیە".
تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان وەك د.نووری عوسمان روونیكردەوە، ناردەنە درەوەی 30 پزیشكە بەمەبەستی خوێندن بۆ وڵاتی ئەڵمانیا.
بەهۆی دۆخی سیاسی كوردستان و دوورخستنەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە حكومەت، ماوەیەكی زیاتر لە 3 مانگە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی نەكردووە.
رووداو
