تا سەر ئێسقان دژی هێزی حزبم و نابێت هێزی پێشمەرگە خۆی تێكەڵاوی گۆڕانكارییەكانی حكومەت بكات

تا سەر ئێسقان دژی هێزی حزبم و نابێت هێزی پێشمەرگە خۆی تێكەڵاوی گۆڕانكارییەكانی حكومەت بكات
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان شێخ جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەی یەكەی70ی هێزی پێشمەرگە گوتى: لە ئێستادا زۆربەی وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بە فەرمی داوەتنامە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەكان دەنێرن بۆ ئەوەی سەردانی ئەو وڵاتانە بكەن و سەبارەت بە پێداویستییەكانی پێشمەرگە وتووێژیان لەگەڵدا بكەن، ئەم شاندەی ئەمجارەش كە منیش ئەندامی بووم، سەردانی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپامان لە برۆكسل كرد، پێشوازی ئەوروپییەكان لە پێشمەرگە زۆر لە ئاستێكی بەرزدایە و بە رادەیەكە لەوانەیە من نەتوانم وەك خۆی دەریببڕم، زۆر بە گەرمی گوێیان بۆ داخوازییەكانمان راگرت. لە سەردانی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا و پەرلەمانی بەلجیكا بە چەپڵەڕێزان پێشوازی لە شاندی پێشمەرگە كرا. دوای ئەوە لەگەڵ نوێنەری حكومەتی بەلجیكا لە ناتۆ كۆبووینەوە، دواتر لەگەڵ لیژنەی بەرگری و ئاسایشی پەرلەمانی ئەوروپا كۆبووینەوە.


شێخ جەعفەر شێخ مستەفا هەروەها گوتی: لەم كۆبوونەوانە زۆر بە باشی و بە بەیاخەوە گوێیان بۆ پێداویستییەكانی پێشمەرگە و هاوكاری مرۆیی بۆ ئاوارەكانی كوردستان راگرت، پەرلەمانتارانی دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا بەڵێنیان پێداین كە هەر یەكەیان گوشار بخاتە سەر حكومەتەكەی خۆی بۆ ئەوەی زیاتر هاوكاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكرێت و پێداویستییەكانی بۆ دابین بكرێت. هەروەها سەردانی ئیتاڵیا-مان كرد و لەگەڵ وەزیری بەرگری ئیتاڵیا كۆبووینەوە و بەڵێنی پێداین هەرچی لە توانای وەزارەتی بەرگری ئیتاڵیادا بێت بۆ پێشمەرگە درێغی نەكات. پێشتر وەزارەتی پێشمەرگە لیستێكی پێداویستی ناردبوو بۆ وەزارەتی بەرگری ئیتاڵیا و دووبارە لیستەكەمان پێدانەوە و بڕیاریاندا دیراسەتی ئەو لیستە بكەن و رەوانەی پەرلەمانی بكەن بۆ ئەوەی رەزامەندی لەسەر بدرێت. هەر بۆ هەمان مەبەست لەگەڵ لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی ئیتاڵیا كۆبووینەوە لەوێش دڵنیایان كردینەوە ئەو لیستەی وەزارەتی بەرگری بەرزی دەكاتەوە بۆ پەرلەمان ئەوان پشتگیری لێدەكەن، هەر لەم سەردانە چووینە ڤاتیكان و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش كۆبووینەوە و ڤاتیكانیش پشتیگری خۆی بۆ هاوكاری پێشمەرگە و هاوكاری مرۆیی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە.

شايانى باسه جەعفەر شێخ مستەفا هەروەها گوتی: ئەو خەڵكانەی ئێمە لە دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا و پەرلەمانی ئەوروپا بینیمان، گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە تاكە هێزێك لەم ناوچەیە بتوانێت تیرۆریستانی داعش پاشەكشە پێبكات و تێكیان بشكێنێت، هێزی پێشمەرگەی كوردستانە، لەمەش زیاتر زۆر سەرسامن بە هێزی پێشمەرگە لەكاتێكدا چەك و پێداویستیەكی زۆر كەمی لەبەردەستە توانیویەتی سەركەوتنی وا بەدەستبهێنێت، من خۆم گوێم لێییان بووە گوتویانە ئەو سەركەوتنانەی پێشمەرگە بەدەستیهێناوە بە زۆر سوپای مۆدێرن بەدەست نایەت، ئەمە وایكردووە پێشمەرگە ببێتە سیمبولێك لەسەر ئاستی ناوچەكە، هەروەها لەسەر ئاستی حكومەت و تەواوی گەلانی ئازادیخواز، لە واقعیشدا دیارە پێشمەرگە كەمی نەكردووە، ئەو بەرەی پێشمەرگە توانیویەتی تیرۆریستانی داعشی تێدا بشكێنێت، هەر لە كۆبانێ تا دەگاتە جەلەولا و سەعدییە بە درێژایی زیاتر لە 1500 كیلۆمەترە و تەنیا لەم بەرەیە و لەسەر دەستی پێشمەرگە و بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزی ئاسمانیی هاوپەیمانان و راوێژكارەكانیان توانراوە داعش تێكبشكێندرێت و لاواز بكرێت.

لە درێژەی قسەكانیدا شێخ مستەفا گوتی: ئەوەی هەتا ئێستا هاوكاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان كراوە، ناتوانم بڵێم وەك پێویست بووە، بەڵام هاوكارییەكانی ئەوان گۆڕانكارییەكی گەورەی بەسەردا دێت. دیارە ئێستا ئەوانیش بە تەواوەتی گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە ئێمە هەموومان پێكەوە لە شەڕداین و ئەوەشی ئەو شەڕە یەكلایی دەكاتەوە لەسەر زەوی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە، لەم حاڵەتەدا بۆ ئەوەی لەم شەڕە سەركەوتوو بین، ئەوە دەبێت پێشمەرگە لە هەموو روویەكەوە باڵادەست بێت بە سەر دوژمنەكەی بەرامبەریدا كە تیرۆریستانی داعشە، ئەمەش مانای ئەوەیە دەبێت چەكی دەستی پێشمەرگە لە چەكی دەستی داعش باشتر بێت. دەبێت تەقەمەنی و پێداویستی سەربازی زۆری لەبەردەستدا بێت، پێشمەرگە هەتا ئێستا توانیویەتی بەو ئیمكاناتە كەمەی لەبەردەستیەتی تا رادەیەكی زۆر مەترسی لە هەرێمی كوردستان دووربخاتەوە، بەڵام نەمانتوانیوە مەترسییەكە كۆتایی پێبهێنین. بۆ ئەوەی بتوانین ئەم هەڕەشەیە كۆتایی پێبهێنین دەبێت بە هەموو شێوەیەك هاوكاری پێشمەرگە بكرێت. مەشق و راهێنانی زیاتری پێبكەن و چەك و تەقەمەنی زیاتری بۆ دابین بكرێت، بۆ ئەوەی لە هەموو روویەكەوە باڵانسی هێز بە تەواوی بۆ بەرژەوەندی پێشمەرگە بگۆڕێت و كۆتایی بەو هەڕەشەیە بهێندرێت.

لە كۆتایی قسەكانیدا شێخ جەعفەر گوتی: هەتا نەگەڕێینەوە بۆ مێژووی توركیا، نازانین ئەم گۆڕانكارییە چەند گەورەیە. خۆتان دەزانن سەردەمانێك لە توركیا ناوهێنانی كورد قەدەغەبوو، بەجلی كوردییەوە رێگەیان نەدەدایت بچیتە نێو سنووری توركیا، تەنانەت خەڵكانێك بە جلی كوردیەوە چوونە توركیا لەوێ دەستگیركراون و رێگەیان نەداون لە فڕۆكەخانەكانیان سەفەر بكەن. هەر خۆم جارێكیان لە فرۆكەخانەیەك لە توركیا ئەوەندە بیانووی نابەجێیان پێگرتم هەر مەپرسە، هەموو هۆكارەكەشی ئەوەبوو من ئەو چەند برادەرەم كورد بووین، دەوڵەتدارانی توركیا ئەسڵەن بڕوایان بە بوونی كورد نەبووە و بە كوردەكانی كوردستانی باكووریان دەگوت توركەكانی چیا، بەڵام ئێستا گۆڕانكاری گەورە دەبینین، ئەردۆگان دێت بۆ هەولێر بە ژێر ئاڵای كوردستاندا تێدەپەڕێ، هەروەها كاتێك جەنابی كاك مسعود بارزانی دەچێتە توركیا لە كۆشكی كۆماری ئاڵای كوردستان دادەنرێت، بۆیە بە بۆچوونی من ئەمە گۆڕانكارییەكی گەورە و دەستكەوتێكی گەورەشە بۆ میللەتەكەمان و ئەم رێز و تەقدیرە بۆ هەر كەسێك كرابێت، رێز و تەقدیرە لە كوردستان گیراوە، ئەم پێشوازییە پێگەی كوردستان پیشان دەدات، بوون و پێگەی كورد و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە پیشاندەدات، كە وای كردووە لە پێشوازی سەرۆكی هەرێمەكەمان ئاڵای كوردستان دابنرێت.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1055)
Top