راوچیی چەكدارانی داعش : 29 چەكداری داعشم دەستگیر كردووە
لیوا وەحید كۆڤلی، فەرماندەی هێزی شەهید ئەكرەمە لە دژە تیرۆری دهۆك. ئەكرەم كە برای وەحید كۆڤلی بوو، لە شەڕێكدا بە دەستی چەكدارانی داعش شەهید كرا.
لیوا وەحید كۆڤلی تا ئێستا بەشداری لە شەڕەكانی چوار میحوەری سنووری پارێزگای نەینەوادا كردووە و دەڵێت "هەر لە سەرەتای شەڕی داعشدا، لە هەر شوێنێك هەر ئەركێكم پێ سپێردرابێت، بۆی چووم. لە میحوەرەكانی تەلسقۆف، بەنداوی مووسڵ، سەهلج و شەنگال بەشداریم كردووە، سێ جار بریندار بووم، بەڵام هەر بەردەوامم لە راونانی تیرۆرستانی داعش".
كەم ڤیدیۆی كوژرانی چەكدارانی داعش هەیە كە بڵاوبكرێتەوە و كۆڤلی تێدا دەرنەكەوێت. ئەو دەڵێت تاوەكو ئێستا لەگەڵ پێشمەرگەكانی هێزەكەم 154 چەكداری داعشمان كوشتووە و تەرمەكانیان كەوتووەتە بەر دەستمان جگە لەوانەی لە دوورەوەش كوشتوومانن، یان داعش فریاكەوتووە تەرمەكانیان لەگەڵ خۆی ببات". بەڵام دەڵێت "تا ئێستا هیچ دیلێكی داعشمان نەكوشتووە، چونكە هێزەكەمان وا پەروەردە كراوە كە رێز لە دیلەكانی جەنگ بگرین".
داعشێك دەرگای هەمەرەكەی دەكاتەوە
لیوا وەحید كۆڤلی دەڵێت چەند جارێك لە شەڕەكاندا هێندە لە چەكدارانی داعش نزیكبووەتەوە كە شەڕی دەستەویەخەیان كردووە. ئەو گێڕایەوە "لەشەڕی بەنداوی مووسڵ هێندە لە چەكدارانی داعش نزیكبووین، چەكدارێك دەرگای هەمەرەكەی منی كردەوە، یەكسەر بە دەمانچە كوشتم".
هەروەها دەڵێت "لە گوندی سەهلج دوای شەڕێكی زۆر قورس و شەهیدبوونی دەیان پێشمەرگە، گوندەكەمان كۆنترۆڵ كرد، چوومە نێو مزگەوتێك سێ داعشی تێدا مابوو، بەڵام هیچیان گوللەیان پێ نەمابوو، یەكێكیان گوتی من مەلای گوندم، ئەوی دیكەش گوتی من بانگدەرم".
وەحید كۆڤلی تاوەكو ئێستا سێ جار لە شەڕدا بریندار بووە و وەك خۆی دەڵێت زۆرجار لە مەرگ نزیكبووەتەوە. ئەو گوتی "ناخۆشترین شەڕ كە تا ئێستا بینیومە شەڕی یەكەمی شنگال بوو، كاتێك ساڵی رابردوو دەوروبەری شنگالمان كۆنترۆڵ كردەوە، بەڵام هێزەكەی ئێمە نەوەستا و پێشڕەوی بۆ نێو گەڕەكەكانی شنگال كرد، رووبەڕووی شەڕێكی قورس بووینەوە، بەڵام دواجار توانیمان خۆمان رزگار بكەین".
وەحید كۆڤلی قەت هاواری ئەو دایكەی لەبیر ناچێت كە كوڕە تاقانەكەی (برای پێنج خوشك) وەكو خۆبەشێك لە شەڕدا شەهید بوو، بۆیە بەڵێنی بەو دایكە شەهیدە دابوو تۆڵەی بۆ بكاتەوە.
وەحید دەڵێت "بەڵێنم بەو دایكە شەهیدە دا تۆڵەی كوڕەكەی بكەمەوە، لە ماوەی سێ رۆژدا 12 چەكداری داعشمان كوشت".
جگە لەو چەكدارانەی لە بەرەكانی شەڕدا كوشتوونی، وەحید كۆڤلی دەڵێت بە پشتیوانی هێزەكەی 29 چەكداری داعشی لەكاتی شەڕدا دەستگیركردووە "لە تەلسقۆف 22 چەكداری داعشمان دەستگیركرد، لە گوندی سەهلج سێ چەكدارمان دەستگیركرد، لە شەڕی ئەمدواییەی شنگالیش چوار چەكدارمان دەستگیركرد كە سێیان ئەمیر بوون، بەڵام هیچ كام لەو چەكدارانەمان نەكوشتوون".
ئەو بەسەرهاتێكی گێڕایەوە و گوتی "كاتێك لە شەڕی شنگالدا چوار چەكداری داعشمان دەستگیركرد، پێشمەرگەیەك كە ئامۆزاكەی بە دەستی چەكدارانی داعش شەهید كرابوو، ویستی بیانكوژێت و تۆڵەی ئامۆزاكەی بكاتەوە، بەڵام نەمهێشت و پێمگوت دیل كوشتن لە كولتووری ئێمەدا نییە".
دووجار چووەتە نێو داعش
وەحید كۆڤلی دەڵێت تاوەكو ئێستا دووجار موجازەفەی بە ژیانی خۆی كردووە و بەبێ بڕیاری سەرووی خۆی و بەبێ پلان، چووەتە نێو چەكدارانی داعش بۆ ئەنجامدانی چەند كردەیەك لە دژیان.
ئەو گوتی "جارێك لە تەلسقۆف ئەوكاتەی ئەكرەمی برام شەهید كرا، خۆم پێنەگیرا، لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەك چووینە قووڵایی سنووری داعش و بەسەر بارەگایەكمان دادا و 12 چەكدارمان لێ كوشتن، پاشان بە سەلامەتی گەڕاینەوە".
سەبارەت بە جاری دووەمیش، وەحید گوتی "لە شەڕی ئەمدواییەی شنگالدا، هەواڵمان بۆ هات دانیشتووانی گوندی قابووسێ لە نزیك شنگال ژیانیان لە مەترسیدایە و داعش بەنیازە كۆمەڵكوژیان بكات، خۆم پێنەگیرا و بەبێ ئەوەی پلانم هەبێت، یان بڕیاری سەرووی خۆم پێبێت، هێرشم كرد و خەڵكەكەم رزگار كرد". وەحید كۆڤلی داوای لێبوردن لە فەرماندەكانی دەكات كە بەبێ ئیزنی ئەوان هێرشی كردووەتە سەر چەكدارانی داعش.
رووداو
