"په‌یه‌ده‌ هات و ئاڵای كوردستانی داگرت و له‌ هه‌ندێ شوێنیشدا ژێرپێیان خست"

"لە گرد كێلەكێ ئاڵایەكی زۆر گەورەمان بەرز كردبوویەوە و مەڕاسیمەكان سەرجەم ناوچەكانی گرتبوویەوە، بەڵام چەكدارانی پەیەدە رێگریان كرد و ئاویان بەسەر خەڵكیدا پرژاند و، ئەوەنده‌ی توانییان هەوڵیان دا رێورەسمەكانی رۆژی ئاڵا لە رۆژئاوای كوردستاندا بەڕێوە نەچێت و تێكی بدەن"، (نووری بریمۆ) وای گوت.

ئەندامی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان-سووریا (نوری بریمۆ) بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی، چالاكیی رۆژی ئاڵا ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ له‌ رۆژئاوای كوردستان ئه‌نجامیان داوه‌، كه‌چی په‌یه‌ده‌ سوكایه‌تیی به‌ ئاڵای پیرۆزی كوردستان كردووه‌ و ده‌ڵێ: "ئێمەی لایەنگرانی پارتیی دیموكراتی كوردستان-سووریا و ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا، هەوڵمان دا لە رۆژی پیرۆزی ئاڵای كوردستاندا لە سەرجەم ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان، ئاڵای پیرۆزی كوردستان هەڵبكەین و بەرز رایبگرین. لە گرد كێلەكێ ئاڵایەكی زۆر گەورەمان بەرز كردبوویەوە و مەراسیمەكان سەرجەم ناوچەكانی گرتبوویەوە، بەڵام چەكدارانی پەیەدە رێگریان كرد و ئاویان بەسەرخەڵكیدا پرژاند و، ئەوەنده‌ی توانییان هەوڵیان دا رێورەسمەكانی رۆژی ئاڵا، لە رۆژئاوای كوردستان بەڕێوە نەچێت و تێكی بدەن."

(بریمۆ) ئاشكرایشی كرد: "په‌یه‌ده‌ له‌ زۆر شوێندا سووكایه‌تییان به‌ ئاڵای پیرۆزی كوردستان كردووه‌ و ئاڵایان ژێرپی خستووە و، سوتاندوویانە و ئەوەی پێیانكراوە بە ئاڵای كوردستانیان كردووە."

جەختیشی كردەوە: "پەیەدە و هاوشێوە و هاوبیرانی، بڕوایان وایە ئاڵای كوردستان ئاڵای گەلی كورد نییە و بە ئاڵای هەرێمی كوردستان ناوی دەبەن. ئاڵایه‌كی ئەفریقایان هێناوە و بەرزیان كردووه‌تەوە و بە ئاڵای نەتەوەی كوردی لەقەڵەم دەدەن و، هیچ رێزێك لە ئاڵای پیرۆزی كوردستان ناگرن."

پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2009ـدا رۆژی 17ـی كانوونی یەكەمی 1946ـی وەك رۆژی ئاڵای كوردستان ناساند و بڕیاری دا، هەموو ساڵێك لەو رۆژەدا مەراسیم ساز بكرێت، لە تەواوی هەرێمی كوردستان و پارچەكانی دیكه‌ی كوردستانیش ئەم یادە بەرز رادەگیرێت.
Top