وەزیری پەروەردە لە ڕۆژی ھەڵکردنی ئاڵادا: خزمەتی شاری کەرکووک دەکەین

وەزیری پەروەردە لە ڕۆژی ھەڵکردنی ئاڵادا: خزمەتی شاری کەرکووک دەکەین
وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یادی ئاڵای کوردستان لە شاری کەرکووکدا گوتی، بە ھەموو توانایەکەوە خزمەتی شاری (کەرکووک)ـی کوردستان دەکەین.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکەوتی (١٧/١٢/٢٠١٥)ـی زایینی، بە بۆنەی ڕۆژی ئاڵای پیرۆزی کوردستان، (د. پشتیوان سادق) وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەردانی شاری کەرکووکی کرد و بەشداری چالاکیی پیرۆزکردنی ئاڵای کوردستانی لە قوتابخانەی (ھۆزان)ـدا کرد؛ بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک و نوێنەری پارێزگاری کەرکووکیش لەوێ بوون و، ڕۆژەکەیان پیرۆز کرد.

سەرەتا بەڕێوەبەری خوێندنی کەرکووک سوپاسی وەزیری پەروەردەی کرد کەوا لە کاتی دەستبەکاربوونیەوە تا ئیستا چوار جار سەردانی کەرکووکی کردووە و، لە خەمی پەروەردەی کوردیدایە لەو شارە.

وەزیری پەروەردە سوپاسی ھەوڵ و ماندبوونی مامۆستایانی شاری کەرکووکی کرد و گوتی: "ھەر لایەنەک بیەوێت بێحورمەتی بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان بکات، ئاخر ناهێنێت؛ میژوو سەلماندوویەتی کە زۆر لایەن و وڵات ویستویانە چۆک بە گەلەکەمان دابدەن و، کورد بسڕنەوە، بەڵام مەرامە پیسەکەیان سەری نەگرتووە و، وا ئاڵای کوردستان لە وڵاتانیشدا دەشەکێتەوە."
د. پشتیوان سادق مژدەی ئەوەشی دایە قوتابیان و خویندکاران و مامۆستایان خوێندنی کوردی لە کەرکووک کە بە ھەوڵ و ماندبوونی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و، وەزارەتی پەروەردە و پارێزگاری کەرکووک، کێشەی میلاک و تاقیکردنەوەکان چارە دەبێ و، دەگەڕێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان.

لە ئاخری مەراسیمەکەدا چەند سروود و شعری نیشتمانپەروەرانە پێشکەش بە ئامادەبووان کران و، پیشانگەیەکی کتێب بە ناوی شاعیری گەورەی کورد (ھەژار موکریانی)ـیەوە کرایەوە.
Top