ســـەرۆك بارزانی: رۆڵەکانمان لەپێناو بەرزڕاگرتنی ئاڵاکەمان گیانیان دەبەخشن

ســـەرۆك  بارزانی: رۆڵەکانمان لەپێناو بەرزڕاگرتنی ئاڵاکەمان گیانیان دەبەخشن
سەرۆك مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی رۆژی ئاڵاوە پەیامێک بڵاودەکاتەوە و پێزانینی خۆی بۆ خۆڕاگریی گەلی کوردستان و گیانفیدایی پێشمەرگە دووپات دەکاتەوە.

سەرۆك بارزانی لە پەیامەکەیدا ئەوە دەخاتە روو کە بۆ بەرزڕاگرتنی ئاڵای کوردستان " رۆڵەکانمان لە سەنگەرەکان گیانیان دەبەخشن" و دەڵێ " ئەرکی ئێمەیە ئاڵاکەمان بپارێزین و بیدەینە دەستی نەوەی نوێ".

لە بەرواری 17ی کانوونی یەکەمی ساڵی 1945 ئاڵای کوردستان لە کۆماری کوردستان هەڵدرا، بەو هۆیەشەوە لە ساڵی 2009 پەرلەمانی کوردستان بڕیاریدا رۆژی 17ی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێک بکرێتە رۆژی ئاڵای کوردستان.

دەقی پەیامەکەی سەرۆك بارزانی:

لەڕۆژی ئاڵای كوردستاندا هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدە سەربەرزەكانمان. لەم بۆنە پیرۆزەدا پێزانینم هەیە بۆ خۆڕاگریی گەلی كوردستان و گیانفیدایی پێشمەرگە قارەمانەكانمان. ئاڵاكەمان نیشانەی یەكدەنگی و یەكگرتوویی گەلەكەمانە و بۆ گەییشتن بە سەربەرزی و ڕزگاریی یەكجارەكی هەموومان لەیەك سەنگەر كۆ دەكاتەوە. هەر بۆیەش بۆ بەرزڕاگرتنی ئەو ئاڵایەیە ڕۆڵەكانمان لە بەرەكانی شەڕ گیان دەبەخشن و شەهید دەبن. ڕەنگ و هێما و سیمبوڵەكانی ئاڵای كوردستان پێناسەی ئاشتی و ئازادیخوازی و كۆڵنەدانی گەلەكەمانە، ئەو بەها بەرزانەی سەركردە نەمرەكانمان بۆ ئێمەیان بەجێهێشت و ئەركی ئێمەیشە بیپارێزین و بیدەینە دەستی نەوەی نوێ. با ئاڵاكەمان بپارێزین و كار بە پەیامەكانی بكەین. ڕۆژی ئاڵای كوردستان لە گەلی كوردستان بەهەموو پێكهاتەكانیەوە پیرۆز بێت.





رووداو
Top