بەرهەم ساڵح: ئاڵای کوردستان کۆماندەکاتەوە

 بەرهەم ساڵح: ئاڵای کوردستان کۆماندەکاتەوە
لەكاتێكدا یادی رۆژی ئاڵا دەكرێتەوە جەنگ بەرۆكی باشووری كوردستانی گرتووە، رەنگە ئەو جەنگە بووبێتە هۆكارێكی دیكە بۆ ئەوەی هاونیشتمانیان زیاتر خۆشەویستیان بۆ ئاڵاكەیان هەبێت. گەنجان بەخوێن بەرگری لەو خاكەدەكەن کە ئاڵاكەیان تێدا هەڵکردووە و پێی دەڵێن سنووری كوردستان .

د. كەیوان ئازاد، مامۆستای بەشی مێژوو لە زانكۆی سلێمانی دەڵێ " بۆ یەكەمجار لە مێژوودا لە خۆرهەڵاتی كوردستان لەسەردەمی كۆماری مەهاباد لە سەر بەڕێوەبەرایەتی مەعاریف ئاڵای كوردستان هەڵدرا، لەگەڵ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان رێکكەوتێكی دیكەی ناخۆش هەیە ئەویش ساڵێك دوای ئەوە رژێمی شای ئێران پەلاماری كۆماری مەهابادی دا و بووە هۆی رووخانی یەكەم كۆماری كوردستان، ئێستاش هەڵكردنی ئاڵای كوردستان مانا و مەغزای خۆی هەیە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا كە جۆرێكە لە دانپێدانانی كورد لە دەرەوە".

لە باشووری كوردستان رۆژی 17 ی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێك وەك رۆژی ئاڵا دیاریكراوە، رەنگە رۆژی ئاڵا لەمساڵدا بۆ هاونیشتمانیان جیاوازی هەبێت لەچاو ساڵانی رابردوودا، چونكە هەر لەم مانگەدا بوو لەكاتی سەردانیكردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتی توركیا ئاڵای كوردستان بەفەرمی لەتەنیشیت ئاڵای ئەو وڵاتەوە دانرا و، خەڵكی دڵخۆشبوون بەوەی هەڵكردنی جارێكی دیكەی ئاڵاكەیان لەنەتەوە یەكگرتووەكان ببین.

سیروان حسێن کە هاونیشتمانییەکە دەڵێ" هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە دەرەوە گەورەییەكە بۆ كورد، بەڵام من كە ئاڵای كوردستان دەبینم لە تەنیشت ئاڵای عێراق هەست بە كوردبوون دەکەم و، گوڕروتینێكی دیکەم پێدەدات ئەمەش دڵخۆشییە بۆ هەموو كورد".

ئەگەرچی لە باشووری كوردستان رۆژێك بۆ ئاڵای كوردستان دیاریكراوە، بەڵام ئەم ئاڵایە وەك ئاڵای هەرچوار پارچەكەی كوردستان و یەك پارچەیی كوردستان دەیری ناکرێت، پارتەكانی باشووری كوردستان سەرەڕای جیاوازی و ناكۆكییەكانیان لە نێوخۆدا، بە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە وڵاتانی دەرەوە دڵخۆشن بەوەی كە تێڕوانینی وڵاتان بۆ كورد گۆڕاوە.

بەرهەم ساڵح، جێگری دووەمی سكرتێری یەكێتی باس لە بڕیاری هەڵکردنی ئاڵای کوردستان دەکات، لەو کاتەی سەرۆکی حکومەت بوو و دەڵێ " بیرمە دوای رووخانی حكومەتی عێراق لە ساڵی 2003 ئەو كاتەی كە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووم، بڕیاردرا لەسەر فەرمانگەكانی حكومەت ئاڵای كوردستان هەڵبكرێت ئەمە یەكێكە لە خۆشترین رووداوەكانی ژیانی من، تەمەننا دەكەم رۆژێك لە نەتەوە یەكگرتووەكان ئاڵای كوردستان هەڵبكرێت، بەهۆی تێكۆشانی پێشمەرگە و شەرڤانان وڵاتەكەمان لە دەستی داعش پارێزراوە و، ئێمە دەبێت جیاوازییەكانمان وەلانێن و لە ژێر ئاڵای كوردستان كۆببینەوە".

سەیزادە خانم، بە دایكی ئاڵای كوردستان نێودەبریت. ئەو، كچی كەریم ئەحمەدی، وەزیری پۆست و تەلەگرافی كۆماری كوردستانە، بە دەست و پەنجەكانی ئەو ئاڵای كوردستان چنراوە، لە بەروار 17/12 /1945 لە كۆماری كوردستان هەڵدرا، هەر بەوهۆیەوە پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2009 بڕیاریدا 17 /12 هەموو ساڵێك بكرێتە رۆژی ئاڵای كوردستان.

ئەگەرچی كورد خاوەنی خاك و ئاڵای خۆیەتی، بەڵام هیشتا وەك دەوڵەتیك، لەسەر نەخشەی جیهان نییە، تەنانەت لە نێوان پارچەكانی دیكەی كوردستانیشدا ئاڵای كوردستان چەندین رەنگی جیاوازی هەیە.







رووداو
Top