بودجەی هەرێمی كوردستان كێشەی خستە نێو هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعەكان

 بودجەی هەرێمی كوردستان كێشەی خستە نێو هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعەكان
دوای پەسەندكردنی 17%ی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی 2016ی عێراق، كێشە لە نێو هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعەكان درووست بوو.



دوێنێ چوارشەممە 16/12/2015، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەك بە یەكی بڕگە و ماددەكانی نێو بودجەی 2016ی عێراقی پەسەند كرد. لەمبارەیەوە "سۆزان بەكر"، ئەندامی كوردی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند كە لە یاساكەدا، پشكی كورد هەر 17%یە و كەم نەكراوەتەوە، هەرچەندە هەوڵێكی جددی لە لایەن ژمارەیەك پەرلەمانتاری ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسای سەر بە "نووری مالیكی"، سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق هەبوو.

بەهۆی بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق، كێشە لە نێو هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعەكان درووست بوو. بەشێك لە پەرلەمانتارەكانی هاوپەیمانییەكە، ڕاستەوخۆ دوای تەواوبوونی دانیشتنەكەی پەرلەمانی عێراق، كۆنگرەی ڕۆژانامەوانییان ئەنجام دا و هەڕەشەی بایكۆتكردنی دانیشتنەكانی دواتری پەرلەمانی عێراقیان كرد. داواشیان كرد، پشكی هەرێمی كوردستان بۆ 13% كەم بكرێتەوە، هەرچەندە ئەو كاتە یاساكە پەسەند كرابوو.



لە لایەن خۆشیەوە، "حەنان فەتلاوی"، سەرۆكی بزووتنەوەی ئیرادە و پەرلەمانتاری عێراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا، خەمباریی خۆی بۆ ئەوە دەربڕی كە تەنیا 18 پەرلەمانتار، دەنگیان بە كەمكردنەوەی پشكی هەرێمی كوردستان بۆ 13% داوە. گوتیشی: "هاوپەیمانیی نیشتمانی (شیعەكان)، بە ئیئتیلافی دەوڵەتی یاساشەوە، شەرمەزاریان كردین".

سەرەڕای ئەوەی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ گوێ بە جێبەجێ كردنی ناوەڕۆكی یاسای بودجەی عێراق نادات و پشكی هەرێمی كوردستان نانێرێت، وەك ئەوەی لە ساڵی 2015دا بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان كردوویەتی، بەڵام دیاریكردنی پشكی 17% بۆ هەرێمی كوردستان، هێڵی سوور بوو و فراكسیۆنە كوردییەكان بەبێ‌ ئەو ڕێژەیە، ئامادەنەبوون دەنگ بە یاسای بودجەی 2016ی عێراق بدەن.





باسنیوز
Top