"هاوكاری 130 قوتابی كرد"

ئەمڕۆ نوێنەری کوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی بنگەی لالش، بە بۆنەی ئازادکردنی شاری شنگال و جەژنی ئێزدییەکانەوە، هاوکاریی داراییی بەسەر 130 قوتابییە سێوی (بێ دایک و باوک)ـدا دابەش کرد؛ بەیانییش لە شاریا هاوکاری دابەش دەکات.

(شێخ شامۆ) نوێنەری کوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "بە هۆی هاتنی جەژنی ئێزدییەکان و ڕزگارکردنی شاری شنگال، ئەمڕۆ لە کۆمەڵگەی خانکێ هاوکاری داراییمان بەسەر ئەو 100 قوتابییە شنگالییەدا دابەش کرد کە داک و باوکیان نەماوە؛ ئەو 30 قوتابییەش کە لە پێشبڕکێی گوتنی تێکستا 'ئۆلا ئێزدیاتێ'ـدا بەشدار بوون، ئەوانیش دیارییان پێ درا؛ بنگەی لالش و لقی خانکێ و شنگال پێشبڕکێیەکەیان رێک خستبوو."

گوتیشی: "ئێمە وەک بنگەی لالش فۆرمێکی هاوکاریمان دروست کردووە بۆ ئەو قوتابیانەی دایک و باوکیان نەماوە؛ جا ئەو هەڵمەتە بەردەوام دەبێت؛ بەیانییش لە شاریا هەمان بەرنامەمان هەیە، بەشکەم ئەو منداڵانە لەو جەژنەدا بۆ خۆیان جلوبەرگێک بکڕن و، بە دڵێکی خۆشەوە جەژنی ئێزدیاتی بەڕێ بکەن".
Top