باڵیۆزی سعودیە کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە هەولێر دەکاتەوە
رۆژی سێشەممە 15ـی کانوونی یەکەمی 2015، ستافێکی 35 کەسیی باڵیۆزخانەکە گەیشتنە بەغدا و ئامادەکاریی دەکەن بۆ چوونی سامر سەبهان، باڵیۆزی دەستنیشانکراوی سعودیە لە عێراق، کە بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 17ـی کانوونی یەکەم بچێتە بەغدا.
بەپێی زانیارییەکان، دوای گەیشتنی سامر سەبهان بە عێراق و کردنەوەی باڵیۆزخانەی سعودیە لە بەغدا، کار بۆ کردنەوەی کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە.
بەهۆی داگیرکاریی رژێمی سەدام حوسێن بۆ کوەیت لە ساڵی 1990، سعودییە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ عێراق پچڕاند و لە ساڵی 2004 پەیوەندییەکان بەرەو ئاساییبوونەوە چوون، بەڵام بەهۆی هەژموونی حزبە شیعییەکان لە سەر حکوومەتی عێراق، پەیوەندییەکان ناکۆکییان تێکەوت.
پێچەوانەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق، سعودیە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و ئەمەش بە روونی لە پێشوازیکردنی شا سەلمان بن عەبدولعەزیز، شای سعودییە، لە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رەنگیدایەوە، کە هەمان رۆژی گەیشتنی بە سعودیە، بە ئامادەبوونی زۆرینەی ئەمیر و شازادەکانی وڵات، شا سەلمان خوانێکی شاهانەی لەسەر شەرەفی بارزانی رێکخست.
باسنیوز
باسنیوز
