پــارتی هەر بەهێزە و بە بەهێزی دەمێنێتەوە چ لە بەغدابێت چ لە كوردستان

پــارتی هەر بەهێزە و بە بەهێزی دەمێنێتەوە چ لە بەغدابێت چ لە كوردستان
ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، داوای پشتگوێخستنی لیستی پارتی و تەواوی بەرپرسانی لە بەغدا دەكات و پەرلەمانتارێكی كوردیش ئاشكرای دەكات، لایەنێكی هەرێمی كوردستان لە پشت هەوڵەكەیە.
ئەمڕۆ دووشەممە 14/12/2015، لە بەیاننامەیەكدا گوتووە، “محەمەد سەیهوود”، سەركردە لە ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق، داوای لە ئەنجومەنی نوێنەران و حكومەتی عێراق كردووە، پارتی دیموكراتی كوردستان پەراوێز بخەن و ڕایگەیاندووە: “داوا لە حكومەت و پەرلەمانی عێراق دەكەم، مامەڵە لەگەڵ نوێنەرە شەرعییەكانی كورد بكەن كە بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانن”. بە گوتەی ئەو، پارتی لەگەڵ چەند وڵاتێكی هەرێمی، پیلانگێڕی لە دژی عێراق دەكات، بۆیە شەرعیەتی لە دەست داوە.
لە بەرامبەر ئەو بەیاننامەیەدا، دكتۆر “عەرەفات كەرەم ستونی، ئەندامی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە ڕایگەیاند، هەوڵێك هەیە كە لە دژی پارتی ئیش لە سەر ئەو بابەتە دەكرێت و گوتی: ” ژمارەی كورسییەكانی ئێمە زۆرە و لە بەغدا كوتلەیەكی زۆر بەهێزین، كەس ناتوانێت ڕۆڵمان پەراوێز بكات”. جەختیشی لەوە كردەوە كە لێدوانەكەی سەیهوود هیچ نرخێكی نییە، چونكە عەبادی بە فەرمی لەگەڵ “مەسعود بارزانی”، سەرۆكی هەرێمی كوردستان قسە دەكات و بەغداش بە فەرمی مامەڵە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دەكات كە سەرۆكی هەردوو سەرۆكایەتییەكە بە دەست پارتییەوەیە.
بە بڕوای ئەو پەرلەمانتارەی لیستی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بزووتنەوەی گۆڕان كار لە سەر ئەوە دەكات كە پارتی پەراوێز بخرێت، بۆ ئەمەش دانیشتن لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و لایەنەكانی دیكە دەكات، بۆ ئەوەی ئەو هەڵوێستەیان لەگەڵ پارتی هەبێت. گوتیشی: “پارتی پێگەیەكی بەهێزی لە ناوچەكە هەیە و پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ توركیا، سعوودیا و وڵاتانی دیكە هەیە، بۆیە پیلانەكە ئەنجامی نابێت”. بەڵگەشی بەوە هێنایەوە كە لە كۆبوونەوەیەكی نێوان هەرسێ‌ سەرۆكایەتییەكەی عێراق (كۆمار، پەرلەمان و حكومەتی عێراق)، “هۆشیار عەبدوڵڵا”، سەرۆكی لیستی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، هەوڵی داوە باسی كێشەكانی پەرلەمانی كوردستان بكات، بەڵام “فواد مەعسووم”، سەرۆك كۆماری عێراق ڕێگای نەداوە و گوتوویەتی: “ئەوە كێشەی ناوخۆیی كوردستانە”.
عەرەفات كەرەم بە دووری زانی، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بچێتە ژێر باری ئەو هەوڵەوە، نموونەشی بەوە هێنایەوە كە كاتێك “عەلی ئەدیب”، دژایەتیی خۆی بۆ سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا دەربڕی، “مەلا بەختیار”، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، وەڵامی دایەوە و گوتی: “ئێمە ئەو لێدوانانە قەبووڵ ناكەین”. ئەوەشی نەشاردەوە كە لەم قۆناغەدا، هەر كەسێك هەوڵ بدات پێگەی كورد لە بەغدا لاواز بكات، یان كێشەكانی هەرێمی كوردستان بباتە بەغدا، ئەوا “خیانەت لە دۆزی كورد دەكات”. دەشڵێت: “ئێمە پێویستیمان بە یەك گوتار هەیە، چونكە بەرەو قۆناغێكی مێژوویی دەڕۆین، یەكەمجارە لە توركیا ئاڵای كوردستان دادەندرێت و سعوودیەش بە شێوەیەكی زۆر ڕێكوپێك پێشوازی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكات. بۆیە لەم كاتەدا هەر كەسێك هەوڵ بدات ناوماڵی كورد لاواز بكات یان پەنا بۆ لایەنێكی دیكە لە بەغدا ببات، ئەوا خیانەت لە نەتەوەكەی دەكات”.
لە كۆتایی قسەكانیدا، ئەو پەرلەمانتارەی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، ڕۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە، دەردەكەوێت كە كام فراكسیۆن خەمی كوردستانیەتی و كامیان دژی هەرێمی كوردستانن، ئەویش لە كاتی دەنگدان لە سەر بودجەی پێشمەرگە و پشكی هەرێمی كوردستان، چونكە بڕیارە ئەگەر بودجەی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە لە پڕۆژەیاساكەدا نەبێت، لیستە كوردییەكان دەنگ بە یاساكە نەدەن، وەك ئەو گوتی. دووپاتیشی كردەوە: “پارتی هەر بەهێزە و بە بەهێزی دەمێنێتەوە، ئەو قسانەی سەیهوود و فەتلاوی و هاوشێوەكانیشیان، بەڵگەیە لە سەر لاوازبوونی ئەوان بەرامبەر بە پارتی”










ڕۆژانە ھەواڵ
Top