فەریق جەمال: سوپای عێراق هێشتا رومادی ئازاد نەکردووە کەچی هەڕەشە لە تورکیا دەکات

فەریق جەمال: سوپای عێراق هێشتا رومادی ئازاد نەکردووە کەچی هەڕەشە لە تورکیا دەکات
سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە، ئاماژە بەوە دەکات حکوومەتی عێراق تا ئێستە شاری ڕوومادی ئازاد نەکردووەتەوە، چۆن هەڕەشە لە تورکیا دەکات کە بەرەنگای بێتەوە؟.



فەریق جەمال محەمەد سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە راگەیاند شتێکی ڕوون هەیە دەبێت خەڵک بیزانێت، هاتنی سەرپەرشتیارانی تورکیا بۆ مەشقی سوپای عێراق، بەرەزامەندی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق بووە، چونکە ئێمە ژوورێکی هاوبەشمان هەیە لەگەڵ حکوومەتی عێراق، ئەو ژوورە کاری هەماهەنگییە بۆ ئازادکردنەوەی موسڵ و لەو چوارچێوەیەشدا بەهاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانان، تورکیا هاوکاری سوپای عێراق دەکات، بۆیە ئەوەی ئێستە کراوە بەهەڵا گوایە سوپای تورکیا هاتووە و بەهاوکاری هەرێمی کوردستان جێگیر کراوە، پەیامێکی سیاسی و فشارێکی سیاسییە، دەیانەوێت لەم رێگایەوە بیگەیەنن.

هەروەها گوتی "مادام حکوومەتی عێراق و حەیدەر عەبادی لە خۆیان رادەبینن 48 کاتژمێر دابنێن بۆ سوپای تورکیا، بۆ 48 کاتژمێر دانانێن بۆ ئازادکردنەوەی موسڵ؟ تا ئێستە شاری ڕوومادیان ئازاد نەکردووەتەوە چۆن هەڕەشە لە تورکیا دەکەن".


گوتیشی: "سوپای عێراق ڕۆڵی لاوازە سوپاکە بەش بەش بووە، بووەتە حەشد و میلیشیا و چەند گروپێکی دیکە".


فەریق جەمال، ئەوەشی خستەروو: سەرکەوتنی پێشمەرگە لە شنگال بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وای کردووە زۆر لایەنی سیاسی لە عێراق نیگەران بن، ئێستەش کەوتوونەتە بڵاوکردنەوەی پرۆپاگەندەی سیاسی لە دژی پێشمەرگە و سەرۆکی هەرێمی کوردستان.







باسنيوز
Top