ئومێد خۆشناو: 2016 ساڵی چاکسازی دەبێت
خۆشناو لەبارەی سەردانەکەی مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ تورکیا گوتی "سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە ناوچەکە رۆڵێکی کاریگەری ھەیە، بەتایبەتی بۆ دروستبوونی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، ھەموو ھەنگاوێکی گرتەبەر بۆ کرانەوەی دیموکراسی، ئەو رۆڵەی بارزانی بە بەرز دەنرخێندرێت. ھەروەھا ئەو ھەنگاوەش گرنگە کە حکوومەتی تورکیا، ئاڵای کوردستان لە تەک ئاڵای خۆی دادەنێت، ئەوەش نیشانەی بەرەوپێشچوونی پرۆسەی دیموکراسییە".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان باس لە پرۆسەی چاکسازی لەنێو حکوومەتی هەرێمدا دەکات و دەڵێ "چاکسازی بەردەوامی دەبێت و پێشبینی دەکرێت لە ساڵی ئایندەدا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو پرۆژەیە جێبەجێ بکات و ساڵی داھاتوو بە ساڵی چاکسازی ناوی دەنێین و ئەو چاکسازییەش پێویستییەکی گەورەیە لە باشووری کوردستان، ھەروەھا پێویستە ھاوکات لەگەڵ حکوومەت، دامەزراوەکان و ھاووڵاتییانیش یارمەتیدەر بن".
لەبارەی دروستبوونی ھێزێکی چەکداری دیکەش لە ھەرێمی کوردستان گوتی "بوونی هەر ھێزێک لە دەرەوەی دەسەڵاتی وەزارەتی پێشمەرگە پێشێلکاری سەروەری وڵاتە، ئێستەش ھەموو ھێزەکان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەن".
باسنيوز
