سەرۆك بارزانی رازی نەبوو ئۆجەلان لە زینداندا ببینێ

سەرۆك  بارزانی رازی نەبوو ئۆجەلان لە زینداندا ببینێ
سەرۆك مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوو جار رێگەی پێدراوە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری بەندكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان لە زینداندا ببینێ، بەڵام ئەو رەتیكردووەتەوە بەو شێوەیە سەردانی بكات.

رۆژی 9/12/2015 سەرۆك مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە ئەنقەرە. سەردانەكەی بارزانی خوێندنەوەی جیاجیای بۆ كرا و هەندێك لایەن بە سەردانێكی سەركەوتوویان ناوبرد، هەندێكیش رەخنەیان لێگرت.

ئەوە جاری یەكەم نییە دەسەڵاتدارانی توركیا پێشوازی لە بارزانی بكەن، بەڵام هیچ جارێك وەكوو ئەمجارەی دوایی نەبوو كە دەسەڵاتدارانی باڵای ئەو وڵاتە زۆر كراوەتر لە جاران رەفتاریان كرد، چ لە دانانی ئاڵای كوردستان كە یەكەمجارە لە پرۆتۆكۆڵی ئەو وڵاتەدا دەبینرێ و چ لەو تەوەرانەی كە بەرپرسانی ئەنقەرە لەگەڵ بارزانی قسەوباسیان لەبارەوە كرد.

عوسمان ئۆجەلان، برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان كە پێشتر لە سەركردایەتی پارتی كرێكارانی كوردستاندا بووە و ساڵانێكە لەو حیزبە دووركەوتووەتەوە و لە باشووری كوردستان نیشتەجێیە، گوتێ كە بارزانی بەرلەوەی بچێتە ئەنقەرە لەگەڵ ئەو كۆبووەتەوە.

عوسمان ئۆجەلان لەبارەی گفتوگۆكانیان لەو دیدارەدا لەگەڵ سەرۆك بارزانی گوتی : سەرۆك بارزانی بەمنی گوت، دوو جار بواری ئەوە هەبوو بەڕێز ئۆجەلان ببینم. بەرپرسانی توركیا دەیانویست بیبینم، بەڵام لەنێو زینداندا، منیش ئامادە نەبووم لەنێو زینداندا چاوم بە ئۆجەلان بكەوێ، ئەمە ئەخلاقی من نییە بچم لە نێو زینداندا لەگەڵی دابنیشم، دووجار ئەو داوایەم رەتكردەوە".

براكەی ئۆجەلان قسەی زیاتری بارزانی لەسەر ئەو بابەتە باسكرد و گوتی "بارزانی گوتی بە توركیام گوت ئەگەر ئۆجەلان لەنێو زیندان دەربهێنن لەگەڵی دادەنیشم و باسی پرۆسەی ئاشتی دەكەین، چونكە ئاشتی بەبێ ئۆجەلان سەرناگرێ".

محەممەد ئەمین پێنجوێنی، كەسایەتی نزیك لە پەكەكە كە هەندێجار بەناوی ئەو حیزبەوە قسە دەكات، لەسەر ئەو هەڵوێستەی بارزانی گوت "كارێكی باشی كردووە، چۆن سەرۆكی هەرێمی كوردستان بچێ بۆ زیندان و لەوێ لەگەڵ ئۆجەلان كۆببێتەوە؟ ئەم كارە دەبێ لە دەرەوەی زیندان بكرێ".

پێنجوێنی داوا دەكات هەم مەسعود بارزانی و هەم نێچیرڤان بارزانی رۆڵی خۆیان ببینن بۆ ئەوەی رێگە بدرێ سەردانی ئۆجەلان بكرێ كە شەش مانگە كەس نەیبینیوە و بێ ئاگان لە دۆخی ئەو. بە بڕوای ئەو "كلیلی پرۆسەی ئاشتی لە ئیمرالییە، كاتی خۆیشی كاك نێچیرڤان بارزانی هەوڵی جددی دا كە رێگە بكرێتەوە بۆ ئیمرالی و توركیا ئەو هەنگاوەی گرتەبەر، دەبێ ئێستاش ئەو رۆڵە ببینێ".

سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتیش كە لە ناوەڕاستی ئەمساڵ بەهۆی شەڕی توركیا و پەكەكەوە پەكیكەوت، پێنجوێنی ئەوەی ئاشكرا كرد كە "ئێستا ئەمریكییەكان هەوڵ دەدەن پرۆسەی ئاشتی لە توركیا زیندوو بكرێتەوە".

قسەی زۆر هەبوو كە لە سەردانی ئەمجارەی بارزانیدا بۆ توركیا، لە ئەنقەرە و لەدەرەوەی زیندان چاوی بە ئۆجەلان كەوتبێ، بەڵام مەسعود بارزانی، لە ئەنقەرە بە میدیاكارانی گوت كە ئۆجەلانی نەبینیوە.

د. فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كە یاوەری سەفەرەكەی بارزانی بوو بۆ ئەنقەرە، رەتیكردەوە هیچ دیدارێك لە نێوان بارزانی و ئۆجەلان لە ئەنقەرە روویدابێ و گوتی: شتی وا نەبووە و لە بەرنامەی بارزانیشدا نەبووە سەردانی ئۆجەلان بكات لە زیندان. توركیاش هیچ پلانێكی نەبووە ئۆجەلان بهێنێتە دەرەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ بارزانی كۆببێتەوە".

سەبارەت بە چارەنووسی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، عوسمان ئۆجەلان لە درێژەی قسەكانیدا گوتی "بارزانی مەبەستی بوو لەو سەردانەدا، پرۆسەی ئاشتی دووبارە دەست پێبكاتەوە و دانوستاندن لەنێوان ئەنقەرە و كوردی باكوور دەست پێبكاتەوە".

برای ئۆجەلان هەڵوێستی رێبەری پەكەكەی لەسەر رۆڵی بارزانی لە پرۆسەی ئاشتیدا لە توركیا باس كرد و گوتی "رێبەر ئاپۆ گوتوویەتی پرۆسەی ئاشتی بەبێ بارزانی نابێ و ئەمە راستییەكە و ناكرێ باسی نەكەین".

لەگەڵ سەردانی بارزانی بۆ توركیا، سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی هەدەپە، دووجار سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و چاوی بە بەرپرسانی پەكەكە لە قەندیل كەوت.

عوسمان ئۆجەلان پێیوایە لە غیابی جەلال تاڵەبانی، سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانیدا كە لە 2012ەوە نەخۆشە و عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش كە لە زینداندایە "بارزانی ئێستا نوێنەرایەتی كورد دەكات و بەسەرۆكی دەرەجە یەكی دەبینم".

دەربارەی ئەوەی ئاخۆ بارزانی هیچ مەترسییەكی هەیە بۆ سەر پێگەی پەكەكە لە باكووری كوردستان، براكەی ئۆجەلان دەڵێت "ئەگەر پەكەكە وا بیر بكاتەوە كە بارزانی مەترسییە بۆ سەر خۆیان، ئەوا هەڵەن". گوتیشی "بارزانی نە بۆ باكووری كوردستان و نە بۆ پەكەكە مەترسی نییە و نابێ، ئەمە قسەی سەرۆك ئاپۆیە".
Top