کارێکی ژیرانەیە هەرێمی کوردستان پێوەندی باش لەگەڵ سعودیە و دەوڵەتانی عەرەبی کەنداودا بهێڵێتەوە
دیڤید رۆمانۆ هەروەها گوتی: پێویستە ويلایەتە یەکگرتووەکان و رووسیا پاڵپشتی هێزە دیموکراتیەکانی سوریا -بەسەرکردایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات- و هەروەها دامەزراندنی کانتۆنی زیاتر بکەن، کە لەو شوێنانەدا نە جیهادیەکان و نە ئەسەد کۆنترۆڵیان نیيە. ئەمەش دەتوانێت وەك پەناگەیەکی ئارام لێشاوی پەنابەران لەخۆبگرێت و شەڕەکە هێوربکاتەوە بۆئەوەی ببێتە ڕێخۆشکەر بۆ ڕێکەوتنێکی سیاسی. دەبێت ڕاشکاوانە بە تورکیا بوترێت دەستێوەردان نەکات کاتێک هێزە دیموکراتیەکانی سوریا لە ڕۆژئاوای ڕووباری فورات پێشڕەوی دەکەن. لە باشووریشەوە، شۆڕشگێڕانی میانڕەو دەتوانن لاسایی کانتۆنەکانی هێزە دیموکراتەکانی سوریا بکەنەوە بە پاڵپشتی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەردەن. دیمەشق و لازقیەو چەند ناوچەیەکی کەمی تر بەشێوەیەکی کاریگەرانە ئەو کانتۆنانە دەبن کە لەژێر دەستی ئەسەددان.
شايانى باسه رۆمانۆ هەروەها گوتی: ناوچەکە گرووپی زیاتری وەک داعش بەخۆوە دەبینێت و هەریەکیان پێویستە تێکبشکێنرێن و لەهەمانکاتدا دەوڵەت و حکومەتە شەرعی و لیبڕاڵەکان کە بەڕاستی دەرهاویشتەی دانیشتووانەکانیانن پاڵپشتی بکرێن. کەهەر بزووتنەوەیەکی جیهادی تێکشکێنرا، ئەوا خەونی شێتانەی توندڕەوەکان لەناودەچێت، هەموو ئەمانەش پێویستی بەهەوڵ و کات هەیە.
لە كۆتایی قسەكانیدا دیڤید گوتی: کارێکی ژیرانەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێوەندی باش لەگەڵ سعودیە و دەوڵەتانی عەرەبی کەنداودا بهێڵێتەوە، بەڵام ناتوانن زۆر نزیک بنەوە لەبەرئەوەی ئێران هەمیشە دراوسێی بەردەم کوردستانە. پێوەندی نێوان هەموو ئەو لایەنانە دەبێت بەوریایی و هاوسەنگی ڕابگیرێت.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1054)
