گرنگی ئازادكردنی شنگال تەنيا سەركەوتنی سەربازی نەبوو بەڵكو سەلمێنرا گرووپه جیاوازەكان دەتوانن پێكەوه بژین

گرنگی ئازادكردنی شنگال تەنيا سەركەوتنی سەربازی نەبوو  بەڵكو سەلمێنرا گرووپه جیاوازەكان دەتوانن پێكەوه بژین
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان پاتریك كڵاوسن گەوره تۆژهری ئامۆژگای واشنتۆن گوتى: لەشەستەکاندا پێش ئەوەی ئەسەد دەسەڵاتی لەسوریادا بچەسپێنێت، سوریا وڵاتێک بوو کە زۆر لە هێزە دەرەکیەکان تێوەیگلابوون، ئێستا سیاسەتی سوریا لەزۆر ڕووەوە گەڕانەوەیە بۆ سیاسەتەکانی ساڵانی شەست و ناسەقامگیر. جیاوازیەکی گەورە ئەوەیە کە لە شەستەکاندا ئەو هێزە دەرەکیانەی دەستێوەردانیان لەسوریا کردبوو بەشێوەیەکی سەرەکی دەیانەویست نفووز لەناو سوریادا بەدەستبێنن، بەڵام ئێستا ئەو هێزە دەرەکیانەی دەستێوەردان لەسوریادا دەکەن بەشێوەیەکی سەرەکی دەیانەوێت توندوتیژیەکان بوەستێنن کە کاردەکاتە سەریان. بۆیە وەک دەبینین فەڕەنسیەکان لە سوریاوە تێوەگلاون لەبەرئەوە نا کە فەڕەنسا دەیەوێت بەشێوەیەکی سەرەکی نفووزی لەناو سوریادا هەبێت، بەڵکو لەبەرئەوەی نایەوێت سوریا ببێت بە شوێنێک کەلێوەی پەلاماری فەڕەنسا بدرێت. هەروەها ئەمەش هاندانێکی گرنگە بۆ سەرۆک پۆتین لە رووسیا. بۆیە سوریا بووەتە شوێنێک کە زلهێزەکان نیگەرانن لەوەی توندوتیژیەکانی سوریا کاریگەری هەبێت لەسەریان و ئەمەش هۆکاری تێوەگلانیانە.


پاتریك كڵاوسن هەروەها گوتی: ئەگەر داعش تێکبشکێنرێت، ڕووبەڕووی ڕێکخراوێکی تر دەبنەوە، هەروەک چۆن تێکشکانی قاعیدە کێشەی جیهادیە ڕادیکاڵەکانی چارەسەرنەکرد، بۆیە دەبێت لەهەموو بوارەکاندا چارەسەری جیهادیە ڕادیکاڵیەکان بکرێت، نەک تەنها یەک ڕێکخراو، ئەمەش کاتی دەوێت، لەبەرئەوەی ناوچەکە کێشەی ڕیشەیی هەیەو بەداخەوە زۆر لە هێزەکان لەناوچەکەدا بڕیاڕیانداوە گرژیە ڕەگەزی و نەژادیەکان خراپتر بکەن، بۆیە زۆر کاراکتەر دەبینین لەناوچەکەدا هانی دروستبوونی گرژی ئاینی دەدەن، ئەمەش ساڵانێکی زۆر زۆری دەوێت کە هێور بکرێتەوە و چارەسەربکرێت، بۆیە ئەمە کێشەیەک نییە بە خێرایی بڕوات، تەنانەت ئەگەر داعشیش تێکبشکێنرێت.


شايانى باسه كڵاوسن هەروەها گوتی: مێژووی جیهان پێمان دەڵیت دروستبوونی دەوڵەتی نەژادی پرۆسەیەکی زۆر قورس و ئاڵۆزە کە هەمیشە دەبێتە هۆی شەڕو تەنگژەی زۆر، بۆیە زۆر لەکەمینەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەباشی ناگونجێن لەگەڵ ئەو سیستەمە تاکلایەنە تایەفیە، وەک ئیزیدیەکان بۆ نمونە، بۆیە دروستکردنی ئەو دەوڵەتە تاکلایە تایەفیە نەژادیانە پێویستی بەوەیە گرووپە بچوکەکان، ئەوانەی کە هەزارەها ساڵە لەو شوێنانەی خۆیاندا دەژین، دەوڵەتی فرە نەژادی و تایەفی دروستبکرێت، لەجیاتی دەوڵەتی تاکلایەنەی تایەفی، بۆیە پێویستە ڕێگەیەک بدۆزرێتەوە کە تیایدا ناوچەکە، سوننە عەرەبەکان هەستبکەن دەسەڵاتیان هەیەو دەنگیان لە سیاسەتدا هەیە، بەڵام هیوادارم هەوڵنەدرێت دەوڵەتێک دروستکرێت تەنيا بۆ عەرەبە سوننەکان، لەبەرئەوەی ئەمە پرۆسەیەکی زۆر قورس دەبێت و جەنگێکی زۆر دروست دەبێت لەسەر سنوورەکانی ئەو دەوڵەتەو زۆر لە کەمینەکان کە تیایدا دەژین.

لە درێژەی قسەكانیدا پاتریك گوتی: ئەم شەڕە گرنگ بوو نەک تەنيا لەبەرئەوەی داعش تێکشکێنرا، بینیمان داعش لە تکریتیش تێکشکێنرا، بەڵکو لەبەرئەوەی پیشانيدا کە خەڵکی لە نەژادە جیاوازەکان دەتوانن پێکەوە کاربکەن، ئەمەش پەیامێکی زۆر گرنگە. بۆیە زۆر گرنگ دەبێت لە شەڕەکانی تر دژی داعش ئەوە پیشانبدرێت کە ئەم شەڕە تەنيا شەڕی گرووپێک نیيە دژی گرووپێکی تر و تەنيا سەرکەوتن تۆمارناکرێت، بەڵکو دەبێت پێوەندی بە عەرەبە سوننەکانەوە بکرێت و پیشانیان بدرێت تەنانەت ئەگەر ئەوانەی دەیانەوێت لەگەڵ داعش کاربکەن، هێشتا لەناو کۆمەڵگەدا پێشوازی دەکرێن، ئەگەر بەشێوەیەکی ئاشتی تێکەڵ ببنەوە.

لە كۆتایی قسەكانیدا پاتریك گوتی: کێشەکە ئەوەیە پێشڕەویەکانی پێشمەرگە بۆ ئەو شوێنانەی کە نوێن لەلایەن عەرەبە سوننەکانەوە گومانیان لێدەکرێت، بۆ نموونە لە ئێستادا بەتایبەتی مەسەلەیەکی هەستیار هەیە لەسوریا لە عەفرین و شوێنانی تر، بۆیە ئەگەر پێشمەرگە پێشڕەوی بکات بۆ ئەو ناوچانە، ئەوا ئەگەری ناکۆکی نەژادی مەترسیدار دەبێت و ئەمەش زۆر جێی داخ دەبێت. بۆیە قورسە بۆ پێشمەرگە پێشرەوی بکات بۆ ئەو شوێنانەی کەلەودیو کۆنتڕۆڵی کوردەوەن، ئەگەر ئەوە بکات، ئەوا دەبێت لەگەڵ یەکەکانی تر بیکات و گرنگە کە ئەجێندای درێژخایەنی نەبێت لەو ناوچانەداو بگەڕێتەوە بۆ سنوورەکانی ناوچە کوردیەکان.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1054)
Top