ئەم هەفتەیە، دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2016 بدرێت

 ئەم هەفتەیە، دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2016 بدرێت
ئەندامێكی كوردی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای كرد، ئەگەر لە بودجەی 2016ی عێراقدا، پشكی كورد وەكو خۆی جێبەجێ نەكرێت، دەنگی لەسەر نادەن.

د. "عەرەفات كەرەم ستوونی"، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بڕیارە ڕۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە، دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2016 بدرێت، بۆ ئەو مەبەستە ئێمە وەك پەرلەمانتارانی كورد، سوورین لەسەر ئەوەی كە دەبێت پشكی هەرێمی كوردستان لە 17%ی كۆی بودجەی عێراق بێت، ئەگەر لەو ڕێژەیەش كەمتر بكرێتەوە، دەنگ لە سەر بودجە نادەین و هەڵوێستی توندی لەسەر وەردەگرین".

ئەو ئەندامە كوردەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی ئاشكرا كرد كە لە لایەن پەرلەمانتارانی هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعەكانەوە، بە تایبەتیش پەرلەمانتارانی سەر بە ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا كە گەورەترین كوتلەی نێو هاوپەیمانێتییەكەیە، 150 واژوو كۆكراوەتەوە، بۆ دژایەتیكردن و بڕینی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی 2016ی عێراق. گوتیشی: "جگە لەو هەڵوێستەی شیعەكان، لایەنە سوننییەكانیش لاوازن و تەنها بەرگری لە خۆیان دەكەن و پەرشوبڵاوییان پێوە دیارە".

پێشتر "سەرحان ئەحمەد"، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق،ڕاگەیاندبوو كە "حەنان فەتلاوی"، ژنە پەرلەمانتاری نزیك لە "نووری مالیكی"، ژمارەیەك واژووی بۆ بڕینی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی 2016ی عێراق كۆكردووەتەوە.












باسنیووز
Top