پەرلەمانی نەمسا بڕیاری هاوكاری كۆبانێ و شنگال دەدات

 پەرلەمانی نەمسا بڕیاری هاوكاری كۆبانێ و شنگال دەدات
بەكۆی دەنگ پەرلەمانی نەمسا پێشنیازی پرۆژە یاسای پشتگیری یارمەتی و هاوكاریكردنی دووبارە بنیادنانەوەی كۆبانێ و شەنگالی پەسەند كرد.

بێریڤان ئەسڵان پەرلەمانتاری نەمسایی سەر بە پارتی سەوز رایگەیاند كە ئەم بڕیارە مێژووییە دوای هەوڵێكی چڕ هاتە ئاراوە، هەروەها پەسەندكردنی ئەو بڕیارە بە كۆی دەنگ لەلایەن تەواوی كوتلە سیاسییەكانەوە سەركەوتنێكی مێژووییە.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی (هەوارنیوز)ی رۆژئاوای کوردستان، ئەو پەرلەمانتارە نەمساوییە دوێنێ شەممە ئەوەی راگەیاندووە کە بابەتی پشتگیری و هاوكاریكردنی بنیادنانەوەی كۆبانێ بووەتە بابەتێكی فەرمی سیاسی لە نەمسا، ناوی كۆبانێش بووەتە هێمای بەرگری لە مێژوودا دژ بە تیرۆر لە سەرتاسەری جیهان.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا نەمسا پابەند دەبێت بە بنیادناوەی كۆبانێ و لەمبارەوە حكومەتی نەمسا لە ساڵی نوێدا بەرنامەیەكی تایبەت بۆ ئەم مەبەستە دادەڕێژێ.
ئەسلان رایگەیاند كە ئەو بڕیارەی نەمسا توركیا بێزار دەكات، چونكە لە جیاتی بەخشینی یارمەتی بە توركیا بۆ رێگەگرتن لە هاتنی پەنابەران، هاوكاری و یارمەتی راستەوخۆ پێشكەش بە شارە كوردییەكان دەكرێت.
ئەوەشی راگەیاند ئەم بڕیارە دەبێتە نمونەیەك بۆ ئەوەی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا چاوی لێ بكەن و روونیشی كردەوە كە ئەم بڕیارە برینی كورد چارەسەر ناكات، بەڵام هیوایەكیان پێدەبەخشێت كە كورد بە تەنیا نییە، پەیامێكیشە بەوەی كورد لە جیاتی تەواوی مرۆڤایەتی دژی تیرۆریستانی داعش دەجەنگێ و وڵاتانی جیهانیش ئەوە لە بیر ناكەن.







باسنيوز
Top