سوپاسالاری پێشمەرگە: گۆڕان بە نیازی دامەزراندنی میلیشیایە
فەریق جەمال محەممەد، سوپاسالاری پێشمەرگەی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان 24ـی راگەیاندووە، ئەگەر چەکدارەکانی گۆڕان وەک خۆبەخش بڕیارییان داوە بەرگری لە خاکی کوردستان بکەن، ئاساییە، بەڵام ”بەکارھێنانی ئەو ھێزە دروستکراوە بۆ مەبەستی دیکە رێگای پێنادرێت“.
فەریق جەمال محەممەد ئاماژەی بەوەشکردووە، کە وەزارەتی پێشمەرگە رێگا بە ھیچ ھێزێکی چەکداریی نوێ نادەن لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە دروست بکرێت.
سوپاسالاری پێشمەرگەی کوردستان پێیوایە هێزەکانی یەکەی 70 و 80ـی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشتر هەبوون و سەر بە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بوون و دواتر بە یاسا بوونە هیزی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
بەپێی زانیارییەکان، مەکۆکانی بزووتنەوەی گۆڕان ئەندامانیان بۆ دروستکردنی هێزێکی چەکداریی ناونووس دەکەن و عەبدوڵڵا کوێخا موبارەک، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانیش لە چەمچەماڵ رایگەیاندبوو، کە دەستی بە دروستکردنی ئەو هێزە کردووە.
باسنیوز
