حکوومەت، چاکسازی دەکات

حکوومەت، چاکسازی دەکات
پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، پڕۆژەی چاکسازی ئامادەیە و، حکوومەت بەم نزیکانە قۆناغ‌ بە قۆناغ جێبەجێی دەکات.

ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی زەرد (فرسەت سۆفی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە پڕۆژەیەکی چاکسازیمان ئامادە کردبوو و، ئاراستەی حکوومەتمان کردووە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە ھەموو بوارەکان و، حکوومەتیش خۆی پڕۆژەیەکی بۆ چاکسازی ھەیە، بۆیە حکوومەت پێشوازی لە پڕۆژەکەی ئێمە کردووە و، بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا پڕۆژە چاکسازییەکەی ڕابگەیێنێت.

(فرسەت سۆفی) گوتیشی، پڕۆژە چاکسازیەکە چاوەڕوان دەکرێت قۆناغ بە قۆناغ ڕابگەیێندرێت و، ھەمووی بە یەکەوە نەبێت و، ھەر جارە و بڕیارێک بدرێت، بۆ ئەوەی چاکسازی لە ھەرێمی کوردستان بکرێت و، حکوومەت زۆر شێلگیرە لەسەر چاکسازی.

ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشی کردەوە، چاکسازییەکان لە ھەموو بوارەکان دەبێت، کە حکوومەت بچووک بکرێتەوە و داھات زیاد بکرێت و، خەرجی کەم بکرێتەوە و، ھەندێک لێ بپێچنەوە؛ بەو مەبەستەش کۆمەڵێک لیژنە دروست دەکرێت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە و، ئێمەش وەکو ستافێکی ئەوان ھاوکاریی حکوومەت دەکەین.
گوتیشی، پڕۆژەکە ئێستا ئامادەیە و، بەم نزیکانە جێبەجێی دەکەن و چاوەڕێی ساڵی نوێ ناکەن.
Top