وەزیری ناوخۆی فینلەندا: ٣٠٠ تیرۆریستی عێراقی هاتوونەتە فینلەندا

 وەزیری ناوخۆی فینلەندا: ٣٠٠ تیرۆریستی عێراقی هاتوونەتە فینلەندا
وەزیری ناوخۆی فینلەندا ڕایگەیاند ٣٠٠ تێوەگلاوی عێراقی بەکاری تیرۆریستی هاتوونەتە وڵاتەکەی، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش داوای لە دەزگا ئەمنییەکانی عێراق کردووە بەدواداچوون بۆ دادگاییکردنی ئەو دوو تیرۆریستەی داعش بکەن کە لەلایەن پۆلیسی فینلەنداوە دەستگیر کراون.

دوای ئەوەی دوو برای جمکی داعش لە فینلەندا بەتاوانی بەشداریکردن لە قەتلوعامەکەی بنکەی سپایکەری سوپای عێراق دەستگیر کران، ئێستە دادگای شاری تامپێری ناوەڕاستی فینلەندا خەریکی دادگاییکردنیانە.

عەبادی لەمبارەوە داوای لە دەزگا دادوەری و ئەمنییەکانی عێراق کردووە بەدواداچوون بۆ ئەو دەستگیرکردنە بکەن لەلایەن پۆلیسی فینلەندیەوە.

لای خۆیەوە بێتری ئۆربۆ وەزیری ناوخۆی فینلەندا رایگەیاند زانیارییان هەیە لەبارەی بوونی ٣٠٠ پەنابەری عێراقی کە دەستیان تێکەڵی کاری تیرۆریستی بووە لە عێراق. ئێستە دەزگە ئەمنییەکان چاودێرییان دەکەن.

ئەو لێدوانەی وەزیری ناوخۆی فینلەندا دوابەدوای دەستگیرکردنی دوو برا تیرۆریستە داعشیەکەی عێراق هات، کە تۆمەتبارن بەکوشتنی ١١ هاووڵاتی شیعەی عێراقی، لەمیانی قەتلوعامەکەی ساڵی رابردووی سپایکەر کە تیایدا ١٧٠٠ کەس لە پارێزگای سەڵاحەدین کوژران.

لای خۆیەوە یۆها سیبیلا سەرۆک وەزیرانی فینلەندا رایگەیاند حکومەتی وڵاتەکەی بەزووترین کات ئەو پەنابەرانە دەنێرێتەوە وڵاتەکانیان کە تۆمەتی تاوان و تیرۆریان بەسەردا ساخ دەبێتەوە.
Top