هەرێمی كوردستان فشار دەخاتە سەر لایەنی نێودەوڵەتی و بەغدا لەبارەی پرسی شنگال

 هەرێمی كوردستان فشار دەخاتە سەر لایەنی نێودەوڵەتی و بەغدا لەبارەی پرسی شنگال
وەزیری كاروباری شەهید و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی فەرمی داوای لە لایەنی نێودەوڵەتی كردووە یارمەتی هەرێمی كوردستان بدەن بۆ گەیاندنی كەیسی جینۆسایدی شنگال و ناوچەكانی دیكەی كوردستان كە تووشی چەندین رەفتاری تاوانكاری بوون بەدەستی تیرۆریستانی داعش، بۆ لایەنی جیهانی پەیوەندیدار و بە فەرمی ناساندنی وەكو جینۆساید.

لە میانەی بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەیەك لەنێوان وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان بە هاوكاری فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە رێكی خستبوو به بۆنەی رۆژی جیهانی كۆمەڵكوژی ، مەحمود حاجی ساڵح وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان ئاماژەی بەوەدا که حكومەتی هەرێمی كوردستان لە فشاری بەردەوامدایە بۆ ئەوەی عیراق ببێتە ئەندام لەم دادگایە و داوای له ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووه که كەیسی شنگال لەسەر ئاستێكی نێودەوڵەتیدا باسی لێوە بكرێت و زەرەرمەندان لەڕووی مادی و مەعنەوی و دەروونیشەوە قەرەبۆ بكرێنەوە.

وەزیری كاروباری شەهید و ئەنفالكراوان كە هاوكات سەرۆكی لیژنەی باڵای بە جینۆساید ناساندنی تاوانەكانی شنگالە تیشكی خستەسەر مێژووی گەلی كورد و ئەو تاوانانەی لەسەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عیراقەوە بەسەری هاتووە تا گەیشتن بە تاوانەكانی داعش و دووپاتیشیكردەوە تاوەكو ئێستاش حكومەتی بەغدا بەهیچ شێوەیەك بەرپرسیارێتی نیشتیمانی خۆی لەمبارەیەوە نەبینیوە و داواشی كرد لایەنی نێودەوڵەتی پەلە بكه‌ن لە دۆزینەوەی چارەسەری بۆ ئەم پرسە.

هەر لە رێوڕەسمەكەدا فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وتەیەكدا رایگەیاند، یادكردنەوەی ئەم رۆژە بۆ كوردستان گرنگی خۆی هەیە چونكە لە رابردوو و ئێستاشدا ئەم گەلە تووشی تاوانی لەناوبردن و جینۆساید بووە، هاوكات سوپاسی وڵاتانی هاوپەیمانانی كرد كە هاوكاریەكی زۆری گەلی كوردستانیان كرد لە شەڕی دژی تیرۆر و یارمەتیەكی زۆری مرۆییان پێشكەشی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ ئاوارە و لێقەوماوەكانی نێو هەرێمی كوردستان.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە ئاماژه‌ی به‌وه‌دا که حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵی بەردەوام دەدات بۆ دووبارە نەبوونەوەی ئەم تاوانانە و هەمیشە لەدژی تیرۆر دەوەستێت و هیچ كاتێكیش ئەم تاوانانە لە بیر ناكات و تۆڵەی خۆیشی بە شێوەیەكی یاسایی دەكاتەوە و هەمان شێوازی تیرۆریستان ناگرێتە بەر و هەرێمی كوردستانیش لە ساڵانی 1991 و 2003 و 2014 ش ئەم رەوشتەی خۆی سەلماند.

هەروەها جەختیشی لەسەر یارمەتیدانی كەسوكاری قوربانیانی كردەوە هەروەها ئاماژەی بەوەشدا كە پێویستە هۆشیاری نێودەوڵەتی لەبارەی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و تۆماركردنی هەموو ئەو تاوانانە لە سەر ئاستی جیهان بۆ ئەوەی نەوەی ئایندە پەندی لێ وەربگرن.

هەر لەم دانیشتنەدا وتاری نەتەوە یەكگرتووەكان و چەندین وتار و لێكۆڵینەوە لەمبارەیەوە پێشكەشكران.

شایانی باسە نەتەوە یەكگرتووەكان ، لە 28ی ئاب/ئەگستۆسی 2015 لە كۆبوونەوەی 69ـەمینی كۆمەڵەی گشتیدا لە مادەی 68، رۆژی 9ی كانوونی دووەم/ دیسەمبەر بە رۆژی جیهانی كۆمەڵكوژی دەستنیشانكرد.



Top