هارتفۆرد کۆورانت: ئەمەریکا پێویستە ڕێگا بە سەربەخۆییی کوردستان بدات

هارتفۆرد کۆورانت: ئەمەریکا پێویستە ڕێگا بە سەربەخۆییی کوردستان بدات
ڕاپۆرتێک لەژێر ناوی ''لەوانەیە کاتی سەربەخۆییی کوردستان بێت''، لە ماڵپەڕی (هارتفۆرد کۆورانت)ی ئەمەریکاییدا بڵاو کراوەتەوە، تێیدا هاتووە، وڵاتێکی گچکەی سەربەخۆ بۆ کوردەکان لەناو ناوچەکانی عێراقدا خۆی دەنەخشێنێت و، لە ڕووی جیۆگرافیای سیاسیدا ئەگەرێکی بەهێزە.

ڕاپۆرته‌كه‌ نووسیوێتی، وا دەردەکەوێت دەرفەتێکی گەورە و بێهاوتا بۆ کوردەکانی عێراق هاتبێته‌ ئاراوه‌، لە ئەنجامی ئەوەی ناوچەکان پڕ بوون لە کێشە و، وڵاتەکە بە کێشە دەورە دراوە.
ئەگەر بێت و ئەو خۆبەڕیوەبردن و خۆبژێوییەی کوردەکانی عێراق بێتە هەژمارکردن و، هەروەها ئەو بریندارکردنانەی کە لە مێژووی تازەدا لە ناوەندی دەسەڵاتدارێتی بەغداوە هەیانە و پێی دەڕەنجێندرێن سەرنج بدرێن، ئەوا دەردەکەوێت کە ئەو گرووپە لە هەردوو لاوە ئامادەن کە لەو نێوه‌دا بەرەو سەربەخۆییی تەواوەتی بڕۆن.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە دوای ئازادیی عێراقەوە لە ساڵی (2003)دا، کوردەکان هاوپەیمانەی سەرەکی و بەهێزی ئەمەریکا بوون كه‌ تا ئێستایش به‌رده‌وامه‌. هه‌ڵبه‌ت لە دوای پڕۆسه‌ی ئازادیی عێراقەوە، خەونی ئەمەریکا یەکپارچەیی عیراق بووە، به‌ڵام لەگەڵ ئەوەیشدا كه‌ كورد بە ڕوونی گوزارشتیان له‌ خواستیان كه‌ سه‌ربه‌خۆییه‌ كردووه‌، كه‌چی پابەند بوون بە مانەوەیان لە چوارچێوەی عێراقدا، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی كه‌ لەژێر چه‌تری یاسادا مامەڵەی یەکسانیان لەگەڵدا بکرێت.
لە دوای کێشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ساڵی (2011)دا، بەڕیوەبردنی عێراق لەلایەن (نووری مالیکی)یه‌وه‌ ئەو خەونەی ئەمەریکایش بۆ یەکپارچەییی عێراق شه‌ق و له‌ق و ناجێگیر بووه‌، چونکە (مالیکی) وڵاتی بەرەو سێکتەری تایفی و مەزهەبی و نەتەوەیی برد، بە هاتن و سەرهەڵدانی داعشیش، گۆڕانکارییەکان به‌ ئاقاری ترازانی ئه‌و یه‌كپارچه‌یه‌ی عێراق گەورەتر بوون.
ئەمەریکا و هەروەها کوردیش هەردووکیان دەیانەوێت ڕووخاندنی خەڵافەتی (داعش) ببینن، زۆربەی کوردەکان لەو باوەڕەدان بە تەواوبوون و سەرکەوتنیان لە جەنگی داعشدا هۆكاری چوونه‌ سه‌ر ڕێڕەوی سەربەخۆیی کوردستانه‌.
لە کاتێکدا کە ئەمەریکا هەوڵی ڕێکخستنەوەی یەکپارچەیی عێراق بە پێویست دەزانێت، بەڵام کوردەکان خۆیان لە پێگەیەکی بەرەوپێشچوو و چاوەڕواننەکراود دەبیننەوە. له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ ئایا دەکرێت بڵێین کاتی سەربەخۆییی کوردستان لە کۆتاییدا گەیشت؟
ڕاپۆرتەکە بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە دەڵێت، پێویستە دوو لایەن سەرنج بدەین، یەکەمیان ئایا پێشمەرگە دەتوانێت بە پشتیوانیی هێزە نێودەوڵەتییەکان و ئەمەریکا داعش تێک بشکێنێت؟ دووەمیان ئایا ئەمەریکا هەر سوور دەبێت لەسەر یەکپارچەییی خاکی عێراق هەتا ئەگەر سەرکەوتنی شەڕی داعش لەسەر دەستی کوردیش بێت؟
بۆ وەڵامی پرسیاری یەکەم، ڕاپۆرتەکە نووسیویەتی بە سەرنجدان لە خەبات و ماندوبوونی پێشمەرگە و، سەرکەوتنەکانیان بە پشتیوانیی هێرشە ئاسمانییەکان، لەوانەیە هێزی زەمینی داهاتووی هێزەکانی هاوپەیمانان بن و، پێکەوە دەتوانن داعش تێک بشکێنن.
پێشمەرگە توانیویانە لە ڕابردوودا بە سەرکەوتوویی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بپارێزن، هەروەها توانیویشیانە کەرکووکی دەوڵەمەند بە نەوت لەژێر کۆنتڕۆڵی خۆیاندا بپارێزن.
بۆ وەڵامی پرسیاری دووەم ڕاپۆرتەکە دەڵێت، وا دەردەکەوێت ئیدارەی (ئۆباما) چاوەڕێی بەهێزکردنی و بەشدارییەکانیان بن لە شەڕی داعشدا و هەروەها بە دڵسۆزییش بمێننەوە لە چوارچێوەی داڕشتنەوه‌ی شێوەی عێراقی دوای کێشەکانیش، بۆیە لەوانەیە ئامانجی ئەمەریکا بۆ عێراق وەکو خۆی بمێنێتەوە.
لە کۆتاییدا ڕاپۆرتەکە نووسیویەتی، بە سەرنجدان لە پراکتیکی پەسندکراو و، هەستیاریی سیاسی لە ناوچەکەدا، دروستکردنی دەوڵەتی کوردی بە تەنیا بە کوردەکان ناکرێت، ئەوەش ئەوە دەگەیێنێت کە کورد پێویستی بە پشتیوانیی ئەمەریکا و ڕۆژئاوا هەیە بۆ بەدیهێنانی ئەو خەونەی.
حەقیقەتی جیۆرافیای سیاسیی کوردستانی عێراق پێویستی بە یارمەتی و کاری ئەمەریکا هەیە، بۆئەوەی بتوانن ئیدامە بەو هاپەیمانەتییە بەهێزە بدەن لەنێو ئەو ناوچە پڕ ئاژاوە و گه‌رده‌لووله‌دا.
هەر لەو ڕوانگەیەشەوە پێویستە ئەمەریکا ڕێگا بە سەربەخۆیی کوردەکانی عێراق بدات.
Top