سەرۆكی هەرێمی كوردستان رازیم لە ئەنجامی سەردانەكەم بۆ توركیا

سەرۆكی هەرێمی كوردستان  رازیم لە ئەنجامی سەردانەكەم بۆ توركیا
مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ئەنكەرە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانی ئەنجامدا و رایگەیاند، لە ئەنجامی سەردانەكەی رازییە.

دوای كۆبوونەوەكانی لەگەڵ سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیران و وەزیری بەرگری توركیا، بارزانی لە وەڵامی پرسیارێكی رووداو رایگەیاند، رازییە لە ئەنجامی سەردانەكەی بۆ توركیا.

لەبارەی ئەجێندای سەردانەكەی بارزانی گوتی "باسی چەند پرسێكیان كردووە، وەك شەڕی دژی داعش، هاتنی هێزی توركیا بۆ نزیك موسڵ، پەیوەندی ئابووریی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا و پرۆسەی ئاشتی نێوان توركیا و پەكەكە".

بارزانی گوتی "پێویستە داعش لە یەككاتدا لە عێراق و سووریاش لەنێوببرێت، بەڵام ئێستا بەرەی یەكەمی جەنگ، پێشمەرگەیە".

لەبارەی داواكاری لە توركیا، بارزانی رایگەیاند، داوای چەكیان لە توركیا بۆ شەڕی داعش نەكردووە.

لەسەر پرۆسەی ئاشتی نێوان حكومەتی توركیا و پەكەكە كە ئێستا راگیراوە، بارزانی رایگەیاند "ئەوان نەیاندەویست قۆناغەكە بگاتە ئەمڕۆ، بۆیە هیوادارن جارێكی دیكە ئەو پرۆسەیە دەست پێبكاتەوە".

لەبارەی بینینی ئۆجەلان، بارزانی لە وەڵامی پرسیارێكی رووداو رەتی كردەوە، چاوی بە عەبدوڵا ئۆجەلان، رابەری پەكەكەی كەوتبێت.

لەسەر پرسی هاتنی هێزەكەی توركیا بۆ نزیك موسڵ، سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوتی "لە هەوڵی چارەسەری ئەو پرسەداین و هەڵەتێگەیشتنێك دروست بووە".

گوتیشی "عێراق و هەرێمی كوردستان پێویستیان بە هاوكاری وڵاتانی هاوپەیمانی دژی داعشە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر".

لەبارەی پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتان، بارزانی رایگەیاند "هەرێمی كوردستان دۆستی توركیا و ئێران و وڵاتانی دیكەیە، بەڵام رێگەنادەن كوردستان ببێتە شوێنی ململانێی جیهانی".











رووداو
Top