لێدوانی سەرۆك بارزانی لەبارەی دانانی ئاڵای كوردستان لە كۆشكی چانكای

 لێدوانی سەرۆك بارزانی لەبارەی دانانی ئاڵای كوردستان لە كۆشكی چانكای
سەرۆك بارزانی دەستخۆشیی لە سەرۆكوەزیرانی توركیا دەكات كە لە كۆبوونەوە فەرمییەكەی نێوانیاندا ئاڵای كوردستان دانراوە و پێزانینی بۆ ئەو هەڵوێستە هەبووە.

لە راگەیێندراوێكدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 10-12-2015 سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی سەردانەكەی بارزانی بۆ توركیا بڵاویكردەوە، ئاماژەی بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكانی كردووە لە ئەنكەرە.

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، دوای نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە 9-12-2015 ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا لە كۆشكی سەرۆكایەتی پێشوازی لە بارزانی و شاندی یاوەری كرد".



لە كۆبوونەكەدا، مەولوود چاوشئۆغلو، وەزیری دەرەوە و بیرات بەیڕەق وەزیری وزە، فەرەیدوون سینرئۆغلو، جێگری وەزیری دەرەوە، هاكان فیدان، سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی توركیا ئامادە بوون.

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەكردووە "سەرۆككۆماری توركیا بە گەرمی بەخێرهاتنی بارزانی كردووه و پیرۆزبایی سەركەوتنی پێشمەرگەی لە ئازادكردنی شنگال لە سەرۆك بارزانی كرد".

راشیگەیاندووە، بارزانی و ئەردۆغان بارودۆخی هەرێمایەتی، نێودەوڵەتی و دوایین گۆڕانكارییە سیاسییەكانی ناوچەكەیان تاوتوێ كردووە.

لەبارەی بابەتی هاتنی سوپای توركیا بۆ باشیك لە پارێزگای نەینەوا، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەو پرسە تاوتوێ كرا و جەخت لەوە كرایەوە كە ئەو بابەتە لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بكرێت.

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەشڵێت لە كۆبوونەوەكەی بارزانی و ئەردۆغان باس لە پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی توركیا كرا و، بە پێویست زانرا كە ئەو پەیوەندییانە فراوانتر بكرێن.

لەبارەی كۆبوونەوەكەی بارزانی لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغلۆ، سەرۆكوەزیرانی توركیا، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە " سەرۆكوەزیرانی توركیا خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی بارزانی بۆ توركیا نیشاندا و وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا ڕایگەیاند كە سەقامگیری و ئاساییشی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا جێگەی بایەخە و ئاساییشی توركیاش بۆ تەواوی ناوچەكە گرنگیی خۆی هەیە".

بەگوێرەی راگەیێندراوەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان "سەرۆكوەزیرانی توركیا جەختی لە دۆستایەتیی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتەكەی كردەوە و ڕاشیگەیاند كە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش دەبێ هەردوولا هاوكاری یەكتر بن، چونكە تیرۆریستانی داعش دوژمنی هاوبەشی هەردوولان. هەروەها ئاماژەیشی بە ڕۆڵی سوپای توركیا دا لە مەشق و ڕاهێنانی بەشێك لەو پێشمەرگانەی كە بەشداریان لە ئازادكردنی شنگالدا هەبووە".

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەكەی بارزانی و داودئۆغلۆ باس لە قۆناغەكانی هەڵوێست و پەیوەندیی دەوڵەتی توركیا لەگەڵ گەلی كورد كراوە و ئەو پێشڤەچوونانە خرانەڕوو كە لەم بوارەدا هاتووەتە ئارا.

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت "بۆ یەكەمجار لە مێژووی سەردانی شاندە باڵاكانی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا لە كۆبوونەوەكەی نێوان بارزانی و سەرۆكوەزیرانی توركیادا ئاڵای كوردستان لە تەك ئاڵای عێراق و توركیا دانرابوو و، بەو هۆیەشەوە بارزانی دەستخۆشیی لە داودئۆغلۆ كرد كە لە كۆبوونەوە فەرمییەكەی نێوانیاندا ئاڵای كوردستان دانراوە و پێزانینی بۆ ئەم هەڵوێستە هەبوو".





رووداو
Top