داودئۆغڵۆ: پێویستە هەولێر بەهێز بێت و هەموو پاڵپشتییەكی دەكەین
ئەحمەد داودئۆغلۆ، سەركوەزیرانی توركیا لەدوای كۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆشكی چەنكایا لە ئەنكەرە، رایگەیاند، وڵاتەكەی پشتگیری هەرێمی كوردستان و هەولێر دەكات و راشیگەیاند "پێشوازیمان لە بارزانی لەم بارودۆخە ئاڵۆزەدا، پەیامێكی روونە بۆ هەموو لایەك".
سەرۆكوەزیرانی توركیا ئاماژەی بەوەكرد، پێویستە هەولێر بەهێز بێت و هەموو پاڵپشتییەكی دەكەن.
لەبارەی پەیوەندیەكانی ئەنكەرە و بەغدا و ناردنی هێز بۆ نزیك موسڵ، سەرۆكوەزیرانی توركیا گوتی "ناردنی هێزی وڵاتەكەی بۆ عێراق بۆ سەقامگیری ناوچەكەیە نەك داگیركاری"
راشیگەیاند "لەبەرئەوە هێزمان بۆ موسڵ ناردووە، چونكە نامانەوێت دراوسێی داعش بین".
لەبارەی هەنگاوەكانی توركیا بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراق، سەرۆكوەزیرانی توركیا گوتی "بۆ تاوتوێكردنی ئەو پرسە هاكان فیدان، راوێژكاری میت و فەرەیدوون سینیرئۆغلۆ، جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا رۆژی پێنجشەممە 10-12-2015 سەردانی بەغدا دەكەن".
مەسعود بارزانی سەرۆکی، هەرێمی کوردستان دوێنێ چوارشەممە 9-12-2015 بە سەردانێكی دوو رۆژە گەیشتە ئەنكەرەی پایتەختی توركیا، لەلایەن جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا پێشوازی لێكرا.
یەكەم كۆبوونەوەی بارزانی لەگەڵ هاكان فیدان، راوێژكاری هەواڵگری توركیا (میت) بوو، كە تێیدا پرۆسەی ئاشتی و شەڕی داعش تاوتوێ كران.
دواتر شەوی چوارشەممە 9-12-2015 بارزانی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا كۆبوویەوە.
هەمان شەو، بارزانی دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان، سەردانی ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی تورکیای كرد و كۆبوونەوە.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بە ئاڵای کوردستان لە كۆشكی چانكایە پێشوازی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد.
لەکۆبوونەوەکەی بارزانی لەگەڵ داودئۆغڵو، مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوە و فەرەیدوون سینیرلیئۆغڵو، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا، فوئاد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و سەفین دزەیی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادە بوون.
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە 10-12-2015 بارزانی لەگەڵ وەزیری بەرگری توركیا و لایەنە كوردییەكانی باكووری كوردستان بەجیا كۆببێتەوە.
رووداو -
