بەرهەم ساڵح: قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستان هۆکارەکەی دابەزینی نرخی نەوتە
د. بەرهەم ساڵح، جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و سەرۆکی کابینەی شەشەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ کەناڵی سکاینیوزی عەرەبی رایگەیاند، ناوچەكە بە دۆخێكی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، بۆیە پێویستە هەموو هەوڵەكان بۆ رووبەڕبوونەوەی رێكخراوی داعش بخرێنەگەڕ، كە ئێستا بووەتە هەڕەشە لەسەر ناوچەكە و جیهان.
بەرهەم ساڵح ئاماژەی بەوەشکرد "كورد یان شیعە، نابێت پێیانوابێت داعش تەنیا كێشەی پێكهاتەیەكە و ئەوانی دیکە دەتوانن خۆیانی لێبەدووربگرن". چونكە وەك خۆی گوتی، سەرهەڵدانی داعش لە ئەنجامی سیاسەتی شکستخواردووی فەرمانڕەوایی ناوچەکە و خراپ بەکار هێنانی دەسەڵات هاتووەتە کایەوە".
لەبارەی دۆخی هەرێمی كوردستان و قەیرانی دارایی، بەرهەم ساڵح گوتی "قەیرانی دارایی کە لەباشووری کوردستان دروستبووە راستەوخۆ هۆکارەکەی بۆ دابەزینی نەرخی نەوت دەگەڕێتەوە".
راشیگەیاند، باشووری کوردستان نموونەیەکی جوان و گەشی ناوچەکەیە و، دەستکەوتی گەورەشی هەبووە.
رووداو
