خه‌نده‌قێك له‌ ده‌وری شنگالدا لێ ده‌درێ

خه‌نده‌قێك له‌ ده‌وری شنگالدا لێ ده‌درێ
نوێنەری کوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی کوردستان ده‌ڵێ، ئەو خەندەقەی لە دەوروی شنگالـدا لێ دەدرێ، بۆ ئه‌و قۆناخه‌ گرینگی خۆی هه‌یه‌ و ناهێڵێ ئیدی ده‌ستی داعش جارێگی دی بگات به‌ شنگالدا.

(شێخ شامۆ) نوێنەری کوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی کوردستان، به‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ئێمە وەک شاندێکی پەرلەمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکی پەرلەمان سەردانی شنگال و ئەو خەندەقەمان كرد كه‌ لە دەوری شنگالدا لێ دەدرێ.

خەندەقەكه‌ لە گوندی جیدار دەست پێ دەکاو تا رۆژهەڵاتی شاری شنگال، کە قوڵای خەندەقەکە 3 مەتر و پانییه‌كه‌یشی 2 مەترە.
ئەو خەندەقە گرینگی خۆی دەبێ بۆ ئەو قۆناخە و ناهێڵێ ئێدی دەستی داعش بگاتەوە شنگال و هەموو ئەو شوێنانەی ئازاد کراون، ئەگەر خەڵکی بگەڕێتەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئیدی شنگال ئارامه‌ و ته‌واویش پارێزراوه‌.

سەبارەت بەوەی ئایا پەکەکە بینای فەرمانگە حکوومیەکانی شنگالی چۆڵکردووە، نوێنەری کوردانی ئێزدی رایگەیاند، ئەوە چەندین جارە ئیدارەی ناوچەکە چەکدارانی پەکەکە ئاگادار دەکاتەوە و سەردانی بەرپرسانی ئەوان دەکات، کە بینای ئەو فەرمانگانە چۆڵ بکەن، بەڵام وەک دیارە ئەوان چۆڵی ناکەن و نیەتێکی خراپیان هەیە و دەیانەوێ لە شنگال بمێنەوە، کە وا خۆپیشان دەدەن کە گرێدراون بە بەغدا و بە فەرمانی ئەوان لەوێ دەچنە دەرەوە، وەک خەونێک دەیانەوێت شنگال بە بەغدا گرێ بدەن، بەڵام ئەوەیش خزمەتی برایەتی نێوان ئێمە و ئەوان ناکات و دەیانەوێت دۆخەکە ئاڵۆز بکەن، ئەگەرنا نەدەبوو بەو شێوەیە ڕەفتار بکەن، چونکە هەرێمی کوردستان شوێنی ئەوان نییە، دەتوانن بچنە ئەو شوێنەی کە لێی هاتوونە لەوێ خەبات بۆ سەرخستنی دۆزی گەلی کورد بکەن، چونکە ئەگەر ڕاستە ئەوان بۆ هاوکاری هاتوونە، ئەوە شنگال ئازاد بوو با بچنە دەرەوە، بۆیە ئێستا چاوەڕوان دەکەین با بزانین لە داهاتوودا چی دەبێت".
Top